پەیامی ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستان ئێران بە بۆنەی 5ی خەرمانان ساڵرۆژی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران!
لاوانی خۆراگر و وشیاری کوردستان!
ئەندامان و دۆستانی ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران!
5ی خەرمانان ئەو رۆژە پیرۆزەیە لە مێژووی رزگاریخوازانەی گەلی کورد، کە تێیدا سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران هاتە ناوو گۆرەپانی ئەو خەباتەوە و بوو بە جێگای ئۆمێد و هیوای لاوان و خەڵکی کوردستان و لە کەمترین ماوەدا توانی جێگای خۆی لە ناوو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکاتەوە و لە بەرانبەر رژێمی داگیرکەری کوردستان و هێزە دواکەوتووەکەی رژێمی ئاخوندی بوەستێتەوە و بە سەدان لاپەرە لە مێژووی قارەمانییەتی خەباتی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان بۆ خۆی تۆمار بکات. سازمانی خەبات وەک پێویستیێکی هەنوکەی و بۆ پر کردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە ناو خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد هاتبوە ئاراوە پێی نایە ناو ریزی خەبات و تێکۆشان دژبە دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر ئێران و کوردستاندا و بە سیاسەتێکی سەردەمیانە و بوێرانە توانی ببێت بە جێگای متمانەی خەڵکی کوردستان. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە ماوەی 33 ساڵ تەمەنی پر لە شانازی خۆی توانیویە بە لەبەر چاوو گرتنی پێویستی کۆمەڵگا و بە هەست کردن بە ئاڵوکۆرەکانی جیهان، ناوچەکەو کوردستان گۆرانکاری و بیری نوێگەری لە ناو سیاسەتەکانی خۆیدا بهێنێتە ئاراوە و لەگەڵ رووداوەکانی رۆژ هەنگاو هەڵبگرێت. بۆ ئێمە جێگای شانازییە کە لە سازمانێکدا درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەدەین کە هەمیشە لەگەڵ گۆرانکارییەکاندا خۆی رێک خستووە و بایەخ و گرنگی بە توێژی لاوان لە هەموو بوارەکاندا داوە و لاوان توانیویانە لە ناو ریزەکانی سازمانی خەباتدا جێگای خۆیان بکەنەوە، بۆئێمەی لاو جێگای خۆشحالییە کە دامەزرێنەری سازمانەکەمان ئەو مامۆستا ئایینیە بووە کە بەرژەوەندی نەتەوەکەی و رزگاری میللەتەکەی لە پێش هەموو بەرژەوەندییەکانەوە بووە و تاکوو دوا ساتەکانی ژیانی پر لە شانازی خۆی لەسەر ئەو رێبازە سوور بووە ئەویش مامۆستا سید جەلال حوسێنی بوو.
لاوانی خۆشەویست!
ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە کەش و هەواێکی ئالۆزدا تێدەپەرێت براو خۆشکەکانمان لە کوردستانی رۆژئاوا کەوتونەتە بەر دڕندانەترین و بێرەحمانەترین هێرش لە لایەن تیرۆریستانەوە و لە ژێر ناوی جیهاد گەورەترین کۆمەڵکوژی دژبە خەڵکی ئەو بەشە لە کوردستان بەرێوە دەچێت و رۆژانە بە هەزاران کەس ماڵ و خاکی خۆیان بە جێ دەهێڵن و ئاوارەی سنوورەکان دەبن. گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانیش هەر لە سەرەتای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن رژێمە دیکتاتۆرەکەی خۆمەینییەوە کەوتونەتە بەر شاڵاوی سەرکوت و داگیرکاری و تا بە ئەمرۆیش ئەو جینایەتانەی رژێمی ئاخوندی دەرحەق بە گەلی کورد درێژەی هەیە. ئەمرۆ فشاری ئابووری، بێکاری و ئێعتیاد بە مادە هۆشبەرەکان کە رۆژ بە رۆژ لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو رژێمەوە لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی پەرە دەستێنێت، بەرۆکی بە خەڵک گرتووە و ژیانی خەڵکی خستووەتە ئەو پەڕی هەژاری و نەدارییەوە و هەوڵ دەدرێت بە هەموو شێوەێک دەنگی نارەزایەتی بە تایبەت لە ناوو توێژی لاواندا کپ بکرێت. رژێم لە هەر کات زیاتر هەست بە کەترسی دەکات و بە ترساندن و تۆقاندن هەوڵ دەدات بە هەر شێوەێک بێت درێژە بە دەسەڵاتە توتالیترەکەی خۆی بدات و بۆ ئەو مەبەستەش لە هیچ جینایەتێک سڵ ناکات. بۆیە لەم قۆناغە هەستیارەدا مەسئولییەت و ئەرکی لاوان لە هەموو کات قۆرسترەو لاوان دەبێت لە رێگای خۆ تەیار کردن بە زانیاری و هۆشیاری کۆمەڵایەتی و رێکخستنی ریزەکانی خۆیان هەوڵ بدەن بۆ رووخانی ئەو رژێمی دیکتاتۆرە و بە دیهێنانی مافە رەواکانی نەتەوەکەمان. لێرەشەوە داوا لە هەموو ئەندامان و دۆستانی ناوەندی لاوانی خەبات دەکەین کە زیاتر لە رابردوو هەست بە بەرپرسیارەتی نەتەوەیی بکەن و لە ئاست هۆشیاری کۆمەڵگا و دۆستایەتی لەگەڵ باقی لاوانی شۆرشگێری نەتەوەکەمان تێبکۆشن و هەوڵ بدەن بە یەکریزی و تەبایی بەرەوو لۆتکەی هیوا و ئاواتەکانمان هەنگاوو بنێن . جارێکیتر رۆژی 5ی خەرمانان ساڵرۆژی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە هەموو خەڵکی کوردستان، ئەندامان و لاوان و پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات پێرۆز دەکەین و لێرەشەوە پیمان نوێ دەکەینەوە تاکوو گەیشتن بە مافەکانمان درێژەدەری خەباتی رزگاریخوازانەێ گەڵی کورد و رێبازی سازمانی خەبات بێن.
سەرکەوێت شۆرشی ئازادیخوازی گەلی کورد
مەرگ و نەمان بۆ دوژمنانی داگیرکەری کورد و کوردستان
ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەرێوەبەری
5ی خەرمانانی 1392