بە خۆسووتاندنی ژنێک لە ناوچەی نەغەدە، ئاماری خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران گەیشتە ٣٦ کەس. بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممەی رابردوو رێکەوتی ٣ی خەرمانان ژنێک بەناوی " ئارەزوو بێهرووزی" لە گوندی "دایماو"ی سەربە شاری نەغەدە بەهۆی کێشەی خێـزانییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنـا. دەگوترێت ئەم ژنە خەڵکی گوندی "رکاوێ"ی سەربە پیرانشار بووە و لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی "دایماو"ی سەربە شاری نەغەدە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کەبەهۆی کێشە بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە پاش ١ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا. بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٥ مانگی رابردوودا ١٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران تەنیا لە رێگەی خۆسووتاندنەوە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.