لەحاڵێکدا کە چەند رۆژ لەمەوبەر یەکەم زەنگی دەسپێکی ساڵی تازەی خوێندن لەقوتابخانەکانی ئێران لێدرا، ئامارەکان باس لەدۆخێکی نالەباری قوتابیانی
دانانی بەرنامەی پێشگری لەتووشبوونی قوتابیان بە مادە سڕکەرەکان
دەوڵەتی ئێران و وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لەساڵی ١٣٨٩وە بەرنامەیەکیان لەژێر ناوی "بەرنامەی فەرهەنگی و پێشگری" لەقوتابخانەکان داناوە و بەوتەی بەڕێوەبەرانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە سێهەزار مامۆستاش تەرخان کراوە.
بەوتەی حەسەن مووسەوی بەرپرسی ئەنجومەنی "مددکاری" لەئێران، لەماوەی وەرێخستنی ئەو سیستمە و دانانی بەرنامەی تایبەت، رێژەی قوتابیانی تووشبوو بەمادە سڕکەرەکان کەم نەبۆتەوە و تەنانەت هێندێمادەی موخەدێری دیکەی وەکوو شیشە و کراک بە ریزی مادە سڕکەرەکانەوە زیاد بووە.
ئەو لێپرسراوە بەهەواڵدەریی "ئیسنا"ی راگەیاندبوو، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان سەرجەم رێگاکانی بەرووی توێژەران و لێکۆڵەراندا داخستووە و ناهێڵێئاماری راستەقینەی رێژەی قوتابیان موعتاد بزانرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا مستەفا ئقلیما ئەندامی شۆرای ستراتیژی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لەو باوەڕەدابووە، ئەو سێهەزار مامۆستایەی کە بۆ فێرکردن و رێنوێنی کردنی قوتابیان دانراون، کارێکی ئەتۆیان لەدەست نایە و بۆ خۆیان سەرقاڵی کێشەی ماڵین.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستۆتە روو، کارگە فێرکارییەکان لەقوتابخانەکان تەنیا لەچوارچێوەی "بروشوور" و بابەتدا قەتیس ماونەتەوە و نەیانتوانیوە قوتابیان بەشێوەی پێویست و شیاو لەمادە سڕکەرەکان ئاگادار بکەنەوە و بەکردەوە هیچ کارێکیان بۆ بنبڕ کرنی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییە نەکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی پەروەدە لەمەجلیس، لەحاڵی حازردا تەمەنی تووشبوون بەمادە سڕکەرەکان لەئێران گەیشتۆتە ژێر ١٣ ساڵ
لەماوەی یەک ساڵدا چوار هەزار موعتاد لەئێراندا مردوون
بەپێی ئامارەکان لەئێران لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییدا نزیک بە چوار هەزار تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان بەتایبەت "سەنعەت"ییەکان گیانیان لەدەست داوە و ناوەندی پزشک قانوونی ئێران رایگەیاندبوو، بە شێوەی نێونجی لە هەر رۆژێکدا ١١موعتاد گیانیان لەدەست دەدەن.
ناوەندی خەبات بەدژی مادە سڕکەرەکان لەئێران رایگەیاندبوو، هەنووکە لەئێران زیاتر لەدوو میلیۆن موعتاد بوونی هەیە و ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەشێکیش لەو تووشبوانە شناسایی نەکراون.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە مەحموود خودا دووست بەرپرسی ناوەندی لێکۆلینەوەی پزشک قانوونی حکوومەتی ئێران ئاشکرای کردبوو، لەحاڵی حازردا ١٠ میلیۆن موعتاد لە ئێران بوونی هەیە و وتبووشی: بەکارهێنانی تریاک لەنێو وڵاتی ئێراندا بۆتە قەیرانێکی چارەسەر نەکراو بە چەشنێک کەلە بەکارهێنانی ئەو مادەیەدا لە ئاستی دونیادا یەکەمە.
لە ئێراندا بە ریز جۆرەکانی مادەی هۆشبەری وەک: تریاک، هێروئین و شیشە زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە.