lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

گـرینگی کـاری رێـکـخـراوه‌یـی و بـه‌رپـرسـیاریـه‌تی گـشتی کـۆمـه‌ڵـگـا

گـرینگی کـاری رێـکـخـراوه‌یـی و بـه‌رپـرسـیاریـه‌تی گـشتی کـۆمـه‌ڵـگـا
کامیل نوورانی فه‌رد

له‌و کاته‌وه‌ی مرۆڤ ده‌ستی کرد به‌ ژیانی هاوبه‌ش و کۆ له‌گه‌ڵ هاونه‌وعه‌کانی خۆی چه‌مکی رێکخستنی پێوه‌ندیی و پێکه‌وه‌ژیانی مرۆڤه‌کان بوو به‌ فاکته‌رێکی گرینگی به‌رده‌وامی ژیان و ئه‌و ته‌وه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌وسه‌ر چوونی حه‌شیمه‌تی جیهان و هه‌ست کردن به‌ به‌رفراوان کردنی ئاستی پێوه‌ندییه‌کان و هه‌وڵ دانی ئورگانیک بۆ خولیا و هیوا و ئاواته‌کان رۆژ له‌دوای رۆژ پێشه‌وه‌چوونی زیاتری به‌ خۆیه‌وه‌ بینیه‌وه‌ و رێگاکار و ئامرازه‌کانی ئاسانتر کردن و شیاو کردنی ئه‌و .
پێوه‌ندییانه‌ ئاڵوگۆری به‌ لایه‌نی پۆزه‌تیڤه‌وه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. حیزب و سازمان یه‌ک له‌و ئامرازه‌ داهێنه‌رانه‌یه‌ی هزری مرۆڤه‌ له‌پێناو گه‌شه‌ و ئورگانیزه‌کردنی کۆمه‌ڵ. ئه‌مرۆ به‌ رێژه‌یێک دیارده‌ی رێکخراو و حیزب و ته‌شه‌کول و دامه‌زراوه‌ گرینگی هه‌یه‌ له‌ ژیانی مرۆڤه‌کان که‌ به‌ بێ بوونی ئه‌و ئامرازانه‌ کۆمه‌ڵگاکان تووشی بشێوی و ئاڵۆزیێکی به‌ربلاو ده‌بن و ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌شێوێ .
سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مکی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و رێکخستنی جه‌ماوه‌ر له‌ NGOکان دیارده‌ی رێکخراو بوون و به‌ کۆکار کردنی کردۆته‌ بابه‌تێکی جیانه‌بۆوه‌ی ژیانی مرۆڤه‌کان و ئه‌مرۆ وه‌لاتێک به‌ بێ بوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌رانبه‌ر ده‌کرێ به‌ نه‌بوونی دیموکراسی ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌لاتێکی دیکتاتۆریش زاڵ نه‌بێ به‌ سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا و ئه‌و دووچه‌مک و دیارده‌یه‌ به‌ ته‌واو که‌ری یه‌کدی دێنه‌ ئه‌ژمار. به‌ گشتی هه‌موو تاکێک بۆ جێبه‌جێکردنی خه‌ون و خولیا و ئاواته‌کانی به‌دوای هاوبیر و هاوکار دا ده‌گرێ و هه‌ر کۆمه‌ڵیکیش بۆ به‌هێز کردنی کۆ به‌دوای تاکی هاوبۆچوون و روانگه‌دا وێڵه‌ و زیاتر له‌وه‌ش ئه‌و هاوکاری و هه‌وڵدانه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی و نورم و به‌هاێکی پڕ بایه‌خ ته‌ماشا ده‌کرێ.

بێگومان گه‌لی کوردیش وه‌ک له‌ کۆنه‌وه‌ و به‌ تایبه‌تیش له‌دوای به‌رێوه‌برنی پرۆسه‌ی داسه‌پێنه‌رانه‌ی لێکدابڕان و دابه‌شبوون له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریی و وه‌لاتانی زلهێزی جیهان که‌م تا زۆر له‌گه‌ڵ چه‌مکی حیزب و رێکخستن و ئورگانیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگا ئاشنایه‌تیان هه‌بووه‌ و به‌ پێی زه‌مه‌نه‌ مێژووییه‌کان ئه‌گه‌ر وه‌ک ئێستاش نه‌بووبێ پێوه‌ندییان به‌ دیارده‌ی حیزبایه‌تی و رێکخستنی کۆمه‌ڵگا بووه‌. ئه‌و ره‌وته‌ به‌ هاتنی سه‌رده‌می مۆدێرن و چه‌مکی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و گلوبالیزاسیۆن ئه‌وه‌نده‌ی تر خێرایی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی زیاتر په‌ڵکێشی کاری ده‌سته‌جه‌معی و رێکخراویی کردووه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ش گه‌لی کورد زیاتر هه‌نگاوی بۆ مودیرن کردنی کاری رێکخستن و خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی کردووه‌ و پێناسه‌ی نوێی پێ به‌خشیوه‌.  زه‌روره‌ت و پێداویستیه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێستا  دروست بوونی حیزب و رێکخراوه‌کان و کاری کۆی کردۆته‌ بابه‌تێکی حه‌یاتی و ئه‌مرۆکه‌ ته‌نانه‌ت کۆمه‌لێکی بچووکیش بۆ رێکخستن و په‌ره‌سه‌ندن به‌ کار و چالاکی و هزر و ئامانجه‌کانیان له‌ ژێر سێبه‌ری پرۆگرام و به‌رنامه‌ و ئامانجێکی دیار ته‌شه‌کول و رێکخراوێک پێک دێنن و به‌ کۆ کاری بۆ ده‌که‌ن. 

ده‌رئه‌نجامه‌کانی کاری کۆ و شوێنه‌وار و ئاسه‌واره‌کانی له‌سه‌ر به‌رهه‌م و ده‌سکه‌وته‌کانی مرۆڤایه‌تی به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گرن بۆ سه‌لماندنی زه‌روره‌تی کاریی رێکخراوه‌یی له‌سه‌رده‌می ئێستامان دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ کاریی ده‌سته‌یی و کۆ قازانج و به‌رهه‌مه‌کان بۆ هه‌موو لایه‌ک مسۆگه‌ر ده‌کا و رێگه‌کانی پێش که‌وتنی کۆمه‌ڵ له‌بار ده‌کا وه‌ک ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی و کۆمه‌لایه‌تیش خۆ ده‌نوێنێ و هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵ له‌راست به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتیه‌کان به‌رپرسیار ده‌کا. یاساکانی ئه‌مرۆی کۆمه‌لگای مرۆڤایه‌تی سنووری به‌رپرسیاریه‌تیه‌کان ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی تاک به‌ربه‌ست ناکا به‌ڵکو تاکی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌رپرسیاره‌تی هه‌یه‌ له‌راست کۆ و پێویسته‌ ده‌روه‌ست بێ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووس و داهاتووی هاوبۆچوون و هاونه‌وع و کۆمه‌ڵه‌که‌ی. به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و تێزه‌ دا کۆمه‌لێک بۆچوونی نابه‌رپه‌رسیار هه‌یه‌ که‌ هه‌وڵ بۆ خۆ دزینه‌وه‌ له‌ژێر باری ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ ئه‌خلاقیه‌کان ده‌دا و له‌ژێر ده‌یان بیانوو و هۆکاری ناراست هه‌وڵ بۆ پاراستنی سنووری ئه‌رکه‌کانی تاک له‌ناو کۆمه‌ڵ ده‌دا و به‌ جۆرێک کلتوورێکی نابه‌رپرسیاری و بێ ده‌ربه‌ستی له‌به‌رانبه‌ر ره‌وتی مێژوو و داهاتوو دا په‌ره‌ پێده‌دا و به‌کۆمه‌لێک ده‌سته‌واژه‌ی نائه‌مرۆیی پێوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌ و من چم داوه‌ له‌و سه‌رئێشه‌یه‌ و کلاوی خۆم ده‌گرم با نه‌یبا، خۆ له‌هه‌موو کارێکی کۆ و ده‌سته‌جه‌معی ده‌دزێته‌وه‌ و دووری لێده‌کا. 

هه‌ر ئه‌و کلتووره‌ نه‌شیاوه‌ له‌ ئێستا دا خۆی خزاندۆته‌ ناو پرۆسه‌ی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان و که‌م نین ئه‌وکه‌سانه‌ی له‌و پێوندییه‌ دا هیچ ئه‌رکێک ته‌نانه‌ت ساکار ترین ئه‌رک و کاره‌کان هه‌ر بۆ نمونه‌ پاراستنی ژینگه‌ی نیشتمان ، ناخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌ستۆی خۆیان و به‌ڵکو ئه‌گه‌ر بۆیان بکرێ و بلوێ بۆ خۆده‌رباز کردن و که‌مکردنه‌وه‌ی گله‌یی و گازه‌نده‌ له‌سه‌ر خۆیان هه‌وڵی رووخانی هه‌موو ئه‌وده‌سکه‌وتانه‌ ده‌ده‌ن که‌ به‌ زه‌حمه‌ت و مه‌ینه‌تی که‌سانێک بونیاد نراوه‌ و ئه‌و گشته‌ هه‌وڵ و ماندووبوونه‌ ده‌که‌نه‌ هیچ و به‌ بێ سوودی دێننه‌ ئه‌ژمار ته‌نیا به‌ ئامانجی داپۆشینی خۆدزینه‌وه‌ له‌به‌رپرسیاره‌تیه‌کانی خۆیان. هه‌ڵبه‌ت که‌ دوترێ خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ مه‌به‌ست ته‌نیا یه‌ک شکڵ و چوارچێوه‌ی دیاریکراو نییه‌ به‌ڵکو ئه‌و خه‌باته‌ ده‌کرێ به‌ هه‌زاران رێچکه‌ و رێباز ببرێته‌ پێشه‌وه‌ و هه‌ر که‌سه‌ له‌ جێی خۆی کاری بۆ بکات. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌راست ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگا خۆی به‌به‌رپرسیار بزانێ و مشووری لێ بخوا و به‌ رێگه‌ی جۆراوجۆر کار بۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ی قازانجه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و ئه‌و نیشتمانه‌ بکات و به‌مجۆره‌ هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی یه‌ک ئامانج تێبکۆشن.  

هه‌ڵبه‌ت نابێ یه‌ک لایه‌نه‌ قه‌زاوه‌ت بکرێ چوونکه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاتن و به‌ره‌وپێش چوونی کاریی رێکخراوه‌یی و به‌ کۆمه‌ڵ بۆ ناو کۆمه‌ڵگا  پێوه‌ندییه‌کانی ناو ئه‌و کۆمه‌ڵانه‌ش پێچه‌لاوپێچی تێکه‌وتووه‌ و کۆمه‌لێک بابه‌تی دزێو و ناته‌ندورست خۆی خزاندۆته‌ ناو ئه‌و دیارده‌یه‌ و به‌شێکی بێزارییه‌کانی تاک له‌کاریی رێکخراوه‌یی و به‌ کۆمه‌ڵ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناته‌بایی و کێشانه‌ی له‌ناو کاری گشتی دا دروست ده‌بێ و ئه‌وه‌ راستیه‌ش ناکرێ حاشای لێ بکرێ ، به‌لام ئه‌وه‌ به‌ واتایه‌ نایه‌ که‌ له‌راست به‌رپرسیاره‌تی و ئه‌رکه‌کانمان بێ ده‌ربه‌ست و بێ خه‌یاڵ بین و زه‌رور نییه‌ هه‌موو هیوا و ئاواته‌کان له‌سه‌ر ره‌هه‌ند و رێچکه‌یێک  هه‌ڵچنرێ که‌ له‌دوایش دا نائومێدی و رووخانی کۆشکی خه‌یاڵه‌کانمانی لێبکه‌وێته‌وه‌. که‌ باس له‌ کاریی به‌ کۆمه‌ڵ و رێکخستن ده‌کرێ زیاتر مه‌به‌ست ره‌هه‌ندێکی ئه‌خلاقیه‌ که‌ به‌رپرسیاریه‌تی گشتی ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵ و ئه‌و به‌رپرسیاره‌تیه‌ وات لێده‌کات له‌هه‌مبه‌ر هیچ رووداوێکی ناو کۆمه‌ڵ تۆ بێ ده‌ربه‌ست نه‌بێ و خۆ له‌راست ئه‌رکه‌کانت نه‌دزیته‌وه‌ و شکستی کۆمه‌ڵ به‌ شکستی خۆت بزانی و سه‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵیش به‌ سه‌رکه‌وتنی خۆت بزانی. 

ئه‌وه‌ی له‌کۆتا قسه‌ پێویسته‌ بوترێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تاک به‌ بێ کۆمه‌ڵ بوونی نییه‌ و کۆمه‌ڵیش به‌ بوونی تاک کۆمه‌ڵ نییه‌ و پێویسته‌ له‌ پێوه‌ندیێی ئورگانیک و رێکخراو کار بۆ به‌رژوه‌ندییه‌ گشتیه‌کان بکرێ و کۆمه‌ڵ حورمه‌ت و که‌رامه‌تی تاک بپارێزێ و تاکیش وه‌ک ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی له‌پێناو کۆمه‌ڵ خۆی ته‌رخان کات وکار بۆ پێش که‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی بکات.  

teamwork



11 ساڵ و 1 مانگ و 9 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 56 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

گـرینگی کـاری رێـکـخـراوه‌یـی و بـه‌رپـرسـیاریـه‌تی گـشتی کـۆمـه‌ڵـگـا

گـرینگی کـاری رێـکـخـراوه‌یـی و بـه‌رپـرسـیاریـه‌تی گـشتی کـۆمـه‌ڵـگـا


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر