دوو لاوی کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز و شائاباد لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رژێمی ئاخوندی تەقەیان لێکراوە و گیانیان لەدەست دا.
بەپێی هەوالی هەواڵدەریی کوردپا، کاوە مستەفایی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز یەکێک لەو لاوە کوژراوانەیە کە بە وتەی شایەتحاڵان، کاوە بێئەوەی هیچ تاوانێکی ئەنجام دابێت گیانی لێئەستێنداروە.
کاوە مستەفایی دانیشتووی گەڕەکی کەریم ئاوای شاری سەقز بووە و بە وتەی شایەتحاڵان، ناوبراو لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان تووشی دەمەقاڵە بووە کەلەلایەن یەکێک لە مەئمورەکانەوە تەقەی لێکراوە و دەست لەجێگیانی لەدەست داوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاوە مستەفایی، کە هاووڵاتییەکی مەدەنی بووە، بێئەوەی هیچ دژکردەوەیەکی لەخۆی نیشان دابێ لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا و لەدرێژەی کوشتنی لاوانی کوردا، لاوێکی شائاباد لەئوستانی کرماشان بەناوی پوریا ئەسەدی تەمەن ٣٠ ساڵ لەناو شار تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە.
دەگوترێت، پوریا ئەسەدی بەدەستی دەرەجەدارێکی ئیدارەی ئاگاهی بەناوی "رەشیدیان" کوژراوە، سەرەڕای سکاڵای بنەماڵەی پووریا لەسەر ئەو دەرەجەداوە، ناوبراو هەتا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.
هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رایانگەیاندووە، پووریا ئەسەدی ویستوویەتی لەدەستی مەئموورانی هێزی ئینتزامی رابکات، بەڵام بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کوردە لەبەر دەم ئیدارەی ئاگاهیی شاری شاه ئاباد و لە کاتێکیشدا کوژراوە، کە کەڵەبچەی(دەستبەند)ی لە دەستدا بووە.