ژنێکی کوردی خەڵکی شاری ئیسلام ئابادی سەربە ئوستانی کرماشان بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپاØ› ئیلهام مەهدیان تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری ئیسلام ئاباد، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٤ی رێبەندان بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراو تەرمەکەی لەسەر رێگەی ئیسلام ئابادی غەرب بۆ گیلانی غەرب دۆزرایەوە. دەگوترێت، کە ئەو ژنە تەمەن ٢٩ ساڵەیە کارمەندی رەسمیی بانکی میللەت "لقی عەدادی عادڵ" لە شاری ئیسلام ئابادی غەرب بووە. هەتا ئێستا هیچ کەسێک لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی ئەو کچە کوردە شناسایی و دەستبەسەر نەکراوە، بەڵام به پێی وتهی هاوولاتیانی ناوچهکه گومانی ئەوە هەیە ئیلهام بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆی کوژرابێت. جێگهی باسه که لە ماوەی ئەمساڵدا ئەمە هەشتەمین حاڵەتی کوژرانە ،کە لە شاری ئیسلام ئاباد روو ئەدات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری ئیسلامئابادی غەرب راگەیاندØ› دادستان و ئیمام جومعەی ئەو شارە لە کۆبوونەوەی شۆرای فەرهەنگیی ئەو شارەدا، وێڕای پشتیوانی کردن لە حوکمی سێدارە، رایانگەیاندبوو: " توندوتیژی بە توندوتیژی کۆنتڕۆڵ دەکرێت". پێشتریش سادق لاریجانی بەرپرسی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، رێکەوتی ٢٠ ی سەرماوەز لە دانیشتنی بەرپرسانی پلەبەرزی حکوومەتیدا وێڕای رەخنە گرتن لە وڵاتانی رۆژئاوایی، رایگەیاندبوو : "دژایەتی کردنی سزای سێدارە، دژایەتی کردنی حوکمی ئیسلامە". بەردەوامیی کوژرانی هاووڵاتییان لەو شارە نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروست کردووە و خەڵکی ئەو شارە بەرپرسانی حکوومەتی لەمەڕ هاتنە ئارای ئەو رووداوانە بە بەرپرسیار دەزانن و لەو باوەڕەدان، کە حکوومەت بۆ خۆی هۆکاری زیادبوونی توندو تیژی و تاوان لە کۆمەڵگە دایە.