بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رێکەوتی ٤ی رێبەندان، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی بانە بەشێوەیەکی گوماناوەی گیانی لەدەست دا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بە دەم و چاو و جەستەی فریشتەوە دیار بووە، کەسوکاری ناوبراو هۆکاری گیان لەدەست دانی کچەکەیان بۆ خۆکوژی گەڕاندۆتەوە.
هەروەها ، ژنێکی تەمەن ٥٥ ساڵەی کوردی خەڵکی شاری مەلەکشاهی لە ئوستانی ئیلام بەهۆکارێکی ناڕوون ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و بەو هۆیەوە ٩٠ %ی جەستەی تووشی سووتان بوو و لە ئاکامدا گیانی لە دەست دا.
لە لایەکی دیکەوە،ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بەناسناوی "وەزیری" کچی عەبدوڵڵا بەهۆی کێشەی کۆمەلایەتییەوە خۆی هەڵواسیوەو کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
دەگوترێت، ئەو ژنە تەمەن ٤٠ ساڵەیە هاوسەری کەسێک بە ناسناوی "زاهیدی" و هەروەها دایکی منداڵێکش بووە، کە شەوی یەکشەممە لە ماڵی خۆیاندا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
کوژرانی ٢ ژن لە شارەکانی ئیسلامئابادی غەرب و نەغەدە
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، دوو ژنی کورد لە شارەکانی ئیسلامئابادی غەرب و نەغەدە کوژران.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣ی رێبەندان، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە بەناوی "کوبڕا پەنا" بە دەستی کوڕەکەی خۆی و بە زەبری چەقۆ کوژرا. دەگوترێت کوری ئەو ژنە تەمەنی ١٧ ساڵ بووەو هەتا ئێستاش هۆکاری کوشتنی ئەو ژنە روون نەبۆتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی پێنجشەممە چوارەمی رێبەندان، ئیلهام مەهدیان تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری ئیسلام ئاباد، بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراو تەرمەکەی لەسەر رێگەی ئیسلام ئابادی غەرب بۆ گیلانی غەرب دۆزرایەوە.
دەگوترێت، کە ئەو ژنە تەمەن ٢٩ ساڵەیە کارمەندی رەسمیی بانکی میللەت "لقی عەدادی عادڵ" لە شاری ئیسلام ئابادی غەرب بووە.
٦ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ فاتیمە هاشـی بڕایەوە
بە وتەی یەکێک لە پارێزەرانی فاتمە رەفسەنجانی کچی هاشـی رەفسەنجانی، ناوبراو بە ٦ مانگ زیندان سزا دراوە. جێگهی باسه که، فاتمە هاشمی ٥ی خەرمانانی ئەمساڵ بە تاوانی تۆمەتی ناڕەوا خستنە پاڵ بەرپرسانی دەزگایی قەزایی و دادوەری ئێران، بانگهێشتی لقی ١٢ی دادسەرای تاران کرابوو.