چوار کۆڵبەری کورد لەناوچە سنوورییەکانی شاری ورمێ ـ کوردستانی تورکیا بە هۆی هەرەس بەفرەوە گیانیان لەدەست دا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، بارینی بەفری زۆر و دروست بوونی سەرما و سۆڵ لە ناوچە کوێستانییەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەگەڵ وڵاتی تورکیا، گیانی چوار کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەی "مەگەوەڕ"ی ورمێی ستاند.
ناوی ئەو چوار کۆڵبەرە کوردە، فاخیر شینۆدووکانە، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی گێسیان، شاکر شینۆدووکانە کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی گێسیان، ئادەم گردیپوور کوڕی مستەفا و خەڵکی گوندی شێخزەرد و خەبات کوڕی مووسا و خەڵکی گوندی دزە"ی ناوەچەی مەرگەوەڕی ورمێ راگەیاندراوە. ئەو چوار ئەو کۆڵبەرە رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی رێبەندان بە مەبەستی کۆڵبەری کردن روویان لە گوندی گەلێشەی وڵاتی تورکیا کردبوو. بەپێی سەرچاوە خۆجەییەکان، ئەو چوار کۆڵبەرە کوردە لە ئاوایی "گەلێشە"ی کوردستانی تورکیا بینراون و بە خەڵکی ئەو گوبدەیان گووتوە بەم زوانە دەگەڕێینەوە بۆ ناوچەی ورمێ. بەهۆی نەبوونی پیشەیەکی شیاو و هەبوونی کێشەی ماڵیی، دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە مەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیانیان روویان لە کۆڵبەری کردووە و لەو پێوەندییەدا رۆژانە شایەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانین.