کانگەیەکی بەرد لە تیکاب مەترسیی بۆسەر ژینگە و شوێنەوارە مێژووییەکان دروست کردووە
کانگایەکی بەردی ئاسنی بۆتە مەترسیی بۆ سەر حەشارگەی ژینگەی ئاژەڵان، ئاسەواری مێژوویی تەختی سولێمان و چیای پارێزراوی بڵقێس لەشارستانی تیکاب. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، دەرهێنانی بەرد بەشێوەی ناستاندارد لە کانگای بەردی "گولە گولە"ی تیکاب مەترسیی ژینگەیی لێدەکرێ و هەروەها خەساریشی بۆ ژینگەی ئاژەڵانی "ئەنگۆران"، تەختی سوڵیمان و چیای پارێزراوی بلقێس لە تیکاب هەیە. گرینگترین ژینگەی ئاژەڵانی ئێران، چوارەمین ئاسەواری تۆمار کراو لە یونێسکۆ و هەروەها بەرزترین تاڤگەی ناوچەی تیکاب بە هۆی دەرهێنانی بەرد لەو کانگایەی ئاوایی " گولەگولە" مەترسیان لەسەرە. کانگای بەردی ئاسنی لە ئاوایی "گولە گولە" و لە ٣٥ کیلۆمیتری شارستانی تیکاب و هەروەها لە نزیک ناوچەی پارێزراوی ئەنگۆرانی ئوستانی زەنجان هەڵکەوتووە.
هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردۆتەوە، ئەو کانگایە، کە لە تەنیشت ئاسەواری مێژوویی و کەونارایی تەختی سولێمان هەڵکەوتووە، بە هۆی تەقینەوەی بەردەوام و دەرهێنانی بەرد لەرێگەی دانانی دینامیتەوە، هیچ گوڵ و گیایەک لەناوچەیە ناڕوێ. سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ناوچەی پارێزراوی "ئەنگۆران" ژمارەیەکی بەرچاو ئاژەڵی وەکوو بەراز، کەڵە کێوی، بزنە کێوی، ورچ، گورگ، رێوی، چەقەڵ و کەروێشک ژیان بەسەر دەبن و هەروەها چەندین جۆر باڵەندەی دەگمەنیش لەو ناوچە پارێزراوەدان. هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە هەتا ئێستا چەندین جار نامەی ئێعترازیان بۆ شوێنە پێوەندیدارەکان ناردووە، بەڵام بەرپرسان و کۆمپانیای پەیمانکارەکان بێ گوێدان بە ویستی خەڵک و لەبەرچاو گرتنی باری ژینگەیی ناوچەکە درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.