٧ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ماوەی حەفتە رابردوودا
راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران .
سێ ژنی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لە درێژەی رەوتی خۆکوژی ژنان و کچانی کورد لە کوردستانی ئێران، ٣ ژن و کچی کورد لە شارەکانی سەقز، بۆکان و روانسەر دەستیان دایە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی "مەهتاب خشتە" کچی سەلیم لە گوندی "عایشە گوڵان"ی شاری بۆکان دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە گەنجەی خەڵکی گوندی قادرئاوای بۆکان کێشەی بنەماڵەیی راگێندراوە. لەلایەکی دیکەوە رۆژی ٨ی رەشەمە، ژنێک بە ناوی "حەسیبە" دانیشتووی شاری سەقز خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەو ژنە کوردە، کە دایکی دوو منداڵی ٣ و ٦ ساڵان بووە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو. هەروەها رۆژی سێشەممە ١٣ی رەشەمە، کچێکی لاو بە ناوی سەبری کەریمی، دانیشتووی گوندی "بیاشۆش" سەر بەشاری روانسەر کە رۆژی پێشتر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو ، گیانی لە دەست دا. ئەوو کچە تەمەن ١٧ ساڵانە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو . لە بەرەبەرەی ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان، سیمین چایچی ژنە شاعیری کوردی دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی دووشەممە ١٢ی رەشەممە، هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری سنە سیمین چایچییان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کردووە و پێیان راگەیاندووە کە خۆی لە هەر چەشنە چالاکییەکی پەیوەندیدار بە ٨ی مارسەوە ببوێرێت. سیمین چایچی لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٤ی شاری سنەیە و لە بواری شێعر ، چیرۆک و شانۆنامەدا چالاکی دەکات. ههروهها له ئێران،لە ماوەی حەفتەی رابردوودا مەریەم شەفیعپوور یەکێک لە چالاکانی خوێندکاری بەندکراو لە زیندانی ئێڤین سزای ٧ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە و مێهدیە فەراهانی یەکێک لە چالاکانی ژنان بانگهێشتی دادسەرای ئەو زیندانە کرا. لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرپەرەستی قازی سەڵەواتی، مریەم شەفیعپوور چالاکی خوێندکاریی بەندکراو لە زیندانی ئێڤینی بە تاوانی "پروپاگەندە و کۆبوونەوە بە دژی نیزام " و "واژۆکردنی بەیاننامە و هاوکاری لەگەڵ ماڵپەڕی نایاسایی لە روانگەی ئەوانەوە " ، بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد. لە لایەکی دیکەوە، مێهدیە فەراهانی چالاکی بواری مافەکانی ژنان، بانگهێشتی لقی ٢ی دادسەرای موقەدەس لە زیندانی ئێڤین کراوە. لە ماوەی رۆژانی حەفتەی رابردوودا فەرزانە مورادی دوای ٦ ساڵ راگیران لە زیندان، بە تۆمەتی کوشتنی مێردەکەی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپابوو، لە سێدارە درا. بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حوکمی "قەساس"ی فەرزانە مورادی رۆژی سێشەممە ١٣ی رەشەمە، لە زیندانی ئیسفەهان جیبەێ کرا. فەرزانە مورادی تەمەن ٢٦ ساڵ، شەش ساڵ بەر لە ئیستا بە تۆمەتی کوشتنی مێردەکەی حوکمی "قەساس"ی بەسەردا سەپابوو.