ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنگرانی ژینگە، لەهەوڵێکی خۆرسکدا شاری مەهابادیان خاوێن کردەوە و هاوکات پیشانگەیەکی خۆشنووسیش لە شاری مەریوان و مەهاباد کراوەتەوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٣ی رەشەمە شاری مەهاباد لە زبڵ و پاشماوەکان، بە دروشمی " پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە" لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتی و لایەنگرانی ژینگەوە خاوێن کرایەوە. ئەو هەوڵەی لایەنگرانی ژینگەپارێز لەشاری مەهاباد، بە بۆنەی نزیک بوونەوە لە سەری ساڵی تازە و لەدوایین هەینی ساڵی ٩٢دا ئەنجام دراوە. لەلایەی دیکەوە رێوڕەسمی کردنەوەی پیشانگەیەکی خۆشنووسی لەژێر ناوی " بۆنی باران" بە سەرپەرەستیی ئازاد مەحمودی بەڕێوە چوو. لەو پیشانگەیەدا بەرهەمی خۆشنووسیی هونەرمەندانی وەک عەلی عەبداڵی، لەیلا نادری، سارا ئاقایی، حەسەن قەرەنی، جەماڵ عەبدوڵڵاهی، دڵشاد ئوسلووب، سارا فەخری راد، ئیسماعیل عێزەتخا، یووسف بەهرامی، تاهیر دەروێشزادە، شەبنەم عەبدوڵڵاهی، رەحمان بەیگی پوور و سعید گولابی ئازەر خراوەتە بەر دیدی ئۆگرانی هونەری خۆشنووسی. هەر لەو پەیوەندییەدا لەشاری "مەریوان"یش پیشانگەیەکی خۆشنووسی هونەرمەند "کورووش مورادی" بەڕێوە چوو، کە بۆ ماوەی ٥ رۆژ بەردەوام بووە و زیاتر لە ٢٠ بەرهەمی خۆشنووسی لەخۆ گرتبوو. پیشانگەی خۆشنووسی هونەرمەند کورووش مورادی بە هاوکاری زانکۆی پەیام نووری مەریوان کرابوویەوە و ئەو هونەرمەندە کوردە لە رشتەی ئەدەبیانی زمانی ئینگلیزیدا لەو زانکۆیە سەرقاڵی خوێندنە و لەساڵی ١٣٨٠ وە کاری خۆشنووسی دەستی پێکردووە