خۆکوژی لە ئیلام لە رێگەی حەبی برنجەوە/ مردنی ٧ کەس لە دوو مانگدا
لاوانی کوردی خەڵکی ئیلام بۆ دەربازبوون لە دیاردە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، روویان لە خواردنی حەبی برنج کردووە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٢ ساڵی رابردوودا بەکارهێنانی حەبی برنج "فۆسفودی ئاڵمینیۆم" لە ئیلام، رووی لە زیادبوون کردووەو بەگوتەی پزیشکێکی نەخۆشخانەکانی ئیلام، بەکارهێنانی ئەو ماددە کیمیاییە لەسەدا ١٠ و ١٤ چوونە سەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە. بەگوتەی بەرپرسی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئیلام، لەماوەی ٢ مانگی رابردوودا، بەپێی تەشخیسی پزیشک ٩ کەس بەهۆی خواردنی حەبی برنجەوە لەو نەخۆشخانەیە خوێندراون، کە٧ کەسیان گیانیان لەدەست داوە. ئەو پزیشکە "پێشگیری" و "ئاگاداری"ی بە تاقە رێگەی بەرنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە لە قەڵەم داو گوتی: پێشتر خۆکوژی لە ئوستانی ئیلام زیاتر لە رێگەی خۆسووتاندنەوە بووە، بەڵام هەنووکە خۆکوژییەکان زیاتر لە رێگەی خواردنی حەبی برنجەوەیە. کوورش عیرفانی، کۆمەڵناسی دانیشتووی ئەمریکا بە رادیۆ زەمانەی راگەیاندووە: ژمارەیەکی بەرچاو لە حەشیمەتی نەسلی لاو لە ئێران تووشی جۆرێک پووچی هاتوون کە هیچ بەرچاو روونییەکیان بۆ کار، خوێندن، هاوسەرگیری و داهاتوو نییە و هەر ئەمەش لاوان بەرەو ئاقارێک دەبات کە بە مەرگ کۆتایی پێ دێت. ئوستانی ئیلام یەکێک لە هەژارترین ئوستانەکانی وڵاتی ئێرانە و نرخی بێکاری، تەڵاق و تووشبون بە ماددە هۆشبەرەکان یەکجار لەسەرەوەیە و رۆژ لە دوای رۆژیش ئەو چەند دیاردەیە لە بەستێنی کۆمەڵگەدا زیاتر پەرە دەستێنێت.