هاونیشتیمانیانی خۆراگر!
کچان و کوڕانی تێکۆشەر !
بەبۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵی تازەی کوردی گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە نەتەوەی کورد بەگشتی دەکەین، هیواخوازین کە سالی نوێی 2715 سالی پێشکەوتن و بەدیهاتنی مافە رەواکانی نەتەوەکەمان بێت لە هەرچوارپارچەی کوردستان .
بەرێزان !
ئێمە لە کاتێکدا پێشوازی لە نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵی کوردی دەکەین کە نەتەوەکەمان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە رووبەرووبونەوەیەکی سەختدایە لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی داعش کە بەخۆشیەوە توانراوە خۆراگرییەکی کەم وێنە پیشان بدرێ و پاشەکشە بەم گروپە ترۆریستیە لە خاکی کوردستان بکرێت. بێگومان ئەم سەرکەوتنانەی هێزەکانی پێشمەرگەش بێ قوربانیدان نەبووە و رۆلە بە ئەمەکەکانی نەتەوەکەمان بە گیان و رۆح خۆیان فیدای خاکەکەیان کردووە و پارێزگاری لێدەکەن ، کە ئەمەش بۆتە جێی سەرنجی زۆربەی وڵاتانی جیهان و بە چاوێکی رێزەوە لە پێشمەرگە دەڕوانن ، لە سایەی خوێنی شەهیدانەوە دۆزی رەوای نەتەوەکەمان زیاتر بۆ جیهان روونبۆتەوە و رۆژبەرۆژیش پێشتیوانی و هاوکاری بۆ نەتەوەکەمان زیاتر دەبێت.
بە چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی نەتەوەکەمان دا بۆمان روون دەبێتەوە کە ئاگری نەورۆز لە سەختترین رۆژگارەکانی نەتەوەکەمان بە شکۆ و رێزەوە بەرێوەچووە، چونکە نەورۆز بۆ کورد هێمای یەکبوون و ئازادی و رزگاریی لە ستەم و چەوسانەوە بووە، هەربۆیە لەم رۆژەدا لاوان و کچانی ئازادی خواز بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز بەلێن دووپات دەکەنەوە کە تا ئازادی و رزگاری یەکجارەکی لەدەست داگیرکەران خەباتی رەوای نەتەوەکەمان درێژە پێدەدەن و بە بەردەوامی بلێسەی ئەو ئاگرە بە گەشاوەیەی دەهێڵننەوە.
رژێمی ئاخوندی لەماوەی ساڵانی حکوومەتداری بیزاری و دژایەتی خۆی لەگەڵ نەورۆز نەشاردۆتەوە بە بەردەوامی هەوڵیانداوە بە رێگای جۆراوجۆر وەک گرتن و بانگێشتکردنی چالاکان و هەروەها هەڕەشە و ترس وتۆقاندن خەڵکی لە بەرێوەبردنی رێورەسمی نەورۆز رابگرێت. بەڵام سەرەڕای ئەو بارودۆخەش ساڵ بە دوای ساڵ ئەم یادە لەلایەن خەلکی تێکۆشەری نەتەوەکەمان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بەرێوەدەبن و بە کردنەوەی ئاگر ئەوە دووپات دەکەنەوە کە هەرچەند بارودۆخ نالەباتر و ستەم و نادادپەروەرییەکان زیاتر بێت ئاگری نەورۆزی نەتەوەکەمان بە تین تر دەبێت .
ئێمە وەک رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران و رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران لەم بۆنەیەدا سلاو دەنێرین بۆ رۆحی سەرجەم شەهیدانی سورخەڵاتی کوردستان بەگشتی و شەهیدە سەربەرزەکانی سازمانی خەبات بە تایبەتی و هەوەرها درود دەنێرین بۆ کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیە خۆراگر و ئازاکانی نەتەوەکەمان کە لە چاڵەرەشەکانی رژێمی ئاخوندیدا لە ژێر زەبر و شکەنجەی جەستەیی و دەرونیدان بەڵام چۆکیاندانەداوە بۆ دوژمن و هەروەها سلاو دەنێرین بۆ خەلکی خۆراگری کوردستان.
مەرگ و نەمان بۆ رژێمی ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی نەپساوەی نەتەوەکەمان
رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
28ی رەشەمەی 1393