یاد و وەبیرهێنانەوەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن شاعیری
یاد و وەبیرهێنانەوەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن شاعیری بە ناوبانگی گەلی کورد لە لایەن قوتابیان و ئەدیبانی ئەو شارە بەرز ڕاگیرا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٥،بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن موزەی مەفاخێری فەرهەنگی و هونەریی مەهاباد "سەرای هێمن"، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان، ئەدیبان، هاووڵاتیان و ئۆگرانی ئەو شارە یادی ئەو شاعیرە کوردەیان بەرز ڕاگرت. لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد بە ڕێز و گەورەییەوە یادی ئەو شاعیرە گەورەیان بەرز نرخاند. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە شاعیران، ئەدیبان، هونەرمەندان و فێرخوازانی دامەزراوەی زمانی کوردیی سۆما یادی مامۆستا هێمنیان بەرز ڕاگرت. لە یادی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمندا هەروەها "ڕەسووڵ کەریمی" ناسراو بە "سوتاو" شێعری پێشکەش کرد. محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراوبە هێمن یان هێمن موکریانی شاعیر، نووسەر و وەرگێڕیگەورەی گەلی کورد بەهاری ساڵی ١٣٠ ٠ ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد سەر بە پارێزگای ورمێ لە دایک بوو و لە ژیانی پڕ بەرهەمی خۆیدا چەندین بەرهەمی بە ناوبانگی تۆمار کردووە. شێعرەکانی هێمن گرێدراوی خۆشەویستی بە خاک و نیشتمانە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە شێعری هێمن لە ژیانی سیاسی و خەباتی نەتەوەی کورددا بگاتە لوتکە.