لاوانى تێکۆشەرى کوردستان
ئەندام و لایەنگرانى رێکخراوى لاوانى خەبات
پێنج ساڵ پێش ئێستا لە پاش هەوڵێکى بێ ووچان
لاوانى تێکۆشەرى کوردستان
ئەندام و لایەنگرانى رێکخراوى لاوانى خەبات
پێنج ساڵ پێش ئێستا لە پاش هەوڵێکى بێ ووچان، ئەندامانى لاو لە ریزەکانى سازمانى خەبات بریاری دامەزراندنى رێکخراوێکى تایبەت بەتوێژى لاو یان لە ریزەکانى سازمانى خەبات لە 11 ى بانەمەرى 1390 دا و بە دیارى کردنى هەیئەتێکى بەرێوەبەرى کاتى و هەروەها دانانى کۆمەلێک ئامانج دەستى بەکارەکانى کرد تا کۆنگرەى یەکەم و لە پاشاندا بە دارشتنى پەیرە و پرۆگرامێکى گونجاو کار و چالاکیەکانى فروانترکرد و تائێستاش بەردەوامە و بێگومان لە داهاتووشدا بە بەرنامە و پلانێکى باشتر هەوڵ بۆ وست و مافەکانى لاوانى شۆڕشگیر دەدات .
دامەزراندنى رێکخراوى لاوانى خەبات بە دەستکەوتێکى گرینگ هەژمار دەکرێت لە مێژووى زیاتر لە 30 دەیەى رابردووى سازمانى خەبات کە وەک یەکێک لە هێزە تێکۆشەر و خۆراگرەکانى کوردستان هەمیشە لە هەوڵ و تێکۆشاندا بووە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانى کۆمەڵگا . هەربۆیە لەم بۆنە پیرۆزەدا گەرەمترین پیرۆزبایى پێشکەش بە سەرجەم لاوانى کوردستان بە گشتى و و دۆستان و ئەندامانى رێکخراوەکەمان بە تایبەتى دەکەین.
بێگومان لاوان وەک یە کێک لە توێژە هەرە گرینگ و هەلسوورەکانى کۆمەڵگا جێى بایەخى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتین و دەتواندرێ بلێین بەشێکى بەرچاو لە دارشتنى بیچمى ئاڵوگۆر و رووداوەکانى مێژووى مرۆڤایەتى بێ کاریگەر نەبووە لە ویست و ئیرادەى ئەو توێژەى کۆمەڵگا . لاوان بە هێزى لەبن نەهاتوو و خولقێنەرى گۆرانکارییەکانى کۆمەڵگا هەژمار دەکرێن و لە سەرجەم بوارەکانى ژیان جێگە و پێگەى خۆیان هەیە و لەم سەدەى ئێستاماندا ئەو دەور و نەخشەیان زیاتر بووە. بێگومان بۆ بە لاریدا نەچوونى ئەو هێزە پڕ بایەخەش پەروەردەیەکى شیاو و دروست پێویستە و هەر بۆیە گرینگى پێدانیان لەلایەن دەسەلات و حکومەتەکانەوە حەیاتى و زەرورییە. زور گرینگە یەکێک لە ئامانجەکانى جیهانى مرۆڤایەتى کار کردن لە سەر شکل دانى کەسایەتى لاو و لە رێگەى پەروەردەى دروست وەدى هێنانى داهاتووێکى روون بۆ سەرجەم مرۆڤایەتى بێ.
بەداخەوە سەرەراى ئەو راستیەش کەم نین ئەو دەسەڵات و حکوومەتانەى ژیانێکى پڕ مەینەتیان بۆ سەرجەم توێژەکانى کۆمەڵگا و بە تایبەتى چینى لاو دروست کردووە و تەنانەت دەسەڵاتێکى وەک رژیمى ئاخوندى نەک تەنیا هیچ گرینگیەک نادات بەو توێژە بەڵکو بە پلاندارێژى هەوڵ بۆ لەناو بردن و رووخانى ئەو چینە پڕ بایەخە دەدات و بە هەڕشەیێکى گەورە بۆ سەر دەسەڵات و مانەوەى خۆى دەزانێ. مێژووى 36 سالى رابردووى رژێمى ئاخوندى سەرتاپاى بە خوێنى گەل سوربووە و لە پێناو چەسپاندنى ئامانجە سیاسیە خەراپ ودژبە گەلیەکانى لە هەموو کەرەستە و ئامرازێک سوودى وەرگرتەوە و بێگومان لاوانیش بە تایبەتى لاوانى کورد وەک یەکێک لە توێژە گرینگەکانى کۆمەڵگاى ئێران بێبەش نەبوون لەو سیاسەت و پلانانەى کە دژیان دارێژراوە ولە رێگەى جۆراوجۆر هەولى فریودان و چاوترسێن کردنیان دەدا و بە بیانووى بێ بنەما لە سێدارە و زیندانیان دەکا، بەلام لەگەل ئەوەشدا لاوان بە ورە و ئازایەتیەکى زۆرەوە لە هەمبەر ئەو پێشێلکاریانەى کە رووبەروویان بۆتەوە توانیویانە لە ئاست ئەو رژێمە رابوەستێت و لەمەڕ داواکاریەکانیان بێدەنگ نەبن، ئەمەش جێگەى دلخۆشى ئێمە و سەرجەم رێبوارانى رێگەى رزگارى کوردستانە.
نابێ فەرامۆشی بکەین کە بارودۆخى ناوچەکە و جیهان زور هەستیارە و رووداوەکانى بە خێرایی لە حاڵآ گۆڕینى نەخشەى سیاسی جیهانن. بە هەمان شێ،ە بارودۆخى گەلى کورد بە گشتى لە ژێر کاریگەرى هەموو ئەو رووداو و پێشهاتانە دا دەبێ و خۆ رێکخستن و هاوتەریب بوون لەگەڵ رەوتى رووداوەکان حاشا هەڵنەگر و زەرورى خو دەنوێنێ و لەم نێوەشەدا بێگومان ئەرکى لاوانیش لە چاو رابردوو بە هەمان رێژە زیاتر دەبێ و پێویستە لاوانى کورد لە هەمبەر رووداوەکان بێ هەڵویست نەبن و بەشدارى رەوتى پێش خستنى دۆزى رەواى گەلەکەمان بن.
لەگەڵ ئەو راستیەش کە خەمخواردن لە هەموو بەشەکانى کوردستان یەکێک لە سیاسەتەکانى رێکخراوى لاوانى خەبات بووە ، نابێ کوردستانى ئێرانیش وەک ئەو بەشەى کە بە دیاریکراوی خەباتى ئێمە تێیدا رەنگ دەداتەوە فەرامۆش بکەین و لەو پێناوەشدا زیاتر لە هەر کاتێکى تر یەکگرتوویی و تێکۆشانى زیاتر ث٠Š٠Žو٠Šستة .
رێکخراوى لاوانى خەباتى کوردستانى ئێران وەک یەکێک لە رێکخراوەکانى تایبەت بەلاوان لە ماوەى سالى رابردوودا بە شێوەیەکى گشتى وتایبەت کۆمەلێک کار و چالاکى بەرێوەبردووە و لە رێگایى جۆراوجۆر هەولى داوە کە لاوان ئاشنا بە سیاسەت و بەرنامەکانى رێکخراو وکێشەو گرفتەکانیان بخاتە روو، هەرچەند ئەو کار و چالاکییانە وەک پێویست نەبوونە و باوەرمان وایە کە پێویستە زیاتر لە جاران کار بۆ خزمەتکردنى لاوان لە کوردستانى ئێران بکەین و کار و چالاکیەکانمان فراوانتربکەین .
هەر لەم بۆنەیەدا ئێمە وەک رێکخراوى لاوان هەروەک چۆن لە سالانى رابردوو کاروچالاکى هاوبەشمان لەگەل رێکخراوەکانى دیکە بەرێوەبردووە بە هەمان شێوەش ئێستا ئامادەیى خۆمان بۆ هەرجۆرە کاروچالاکیەک کە بەرژەووەندى لاوان و نەتەوەکەمانى تێدابێت دەردەبرین . دووبارە پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى رێکخراوى لاوانى خەبات ى کوردستانى ئێران لەسەرجەم لاوانى کوردستان لە هەرشوێنێکى ئەم کوردستانە بەگشتى و ئەندامان و بەرێوبەرانى رێکخراوەکەمان پیرۆزدەکەین .
سەرکەوتووبێت خەباتى رزگاریى خوازانەى نەتەوەکەمان
هەربژى لاوانى کوردستان
رێکخراوى لاوانى خەباتى کوردستانى ئێران
دەستەیى بەرێوەبەرى
10 ى بانەمەڕى 1395