رۆژی ١٢ی ئاگوست رێکخراوی لاوانی خەبات مەراسمێکی تایبەت بە رۆژی جیهانی لاوانی بە بەشداری رێزدار کاک بابەشێخ حوسەینی سکرتێری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی سازمانی خەبات و دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی لاوان و ژمارەیەک لە ئەندامان و پێشمەرگە و دۆستان بەڕێوەبرد.
سەرەتای مەراسمەکە بە ساتێک بێدەنگی ڕاگرتن بۆ گیانی سەرجەم شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان خاتوو شایستە موحەممەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی لاوان، باسێکی لە رۆڵی گرنگ و ئەرکی قورسی سەرشانی لاوان و پێویستی سوود وەرگرتنیان لە ئەزموونی لاوانی رابردوو و کەسانی خاوەن ئەزمونی ئێستا پێشکەش بە بەشداربووان کرد. دواتر کاک ماردین زاهیدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی لاوان پەیامی رێکخراوی لاوانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی لاوان خوێندەوە.
لە بەشێکی دەیکەی مەراسمەکەدا ڕێزدار کاک بابەشێخ حوسەینی ووتارێکی تایبەت بە رۆژی جیهانی لاوانی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
کاک بابەشێخ حوسەینی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە توانا و هیزی لاوان و ئەرک و ماندووبوونیانی بەرز نرخاند و باسی لەوە کرد کە زۆرێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و شەهیدانی گیان بەخت کردوو و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لاو بوون و لە ئێستاشدا لاوان لە ڕیزی سازماندا دەوری سەرەکیان هەیە.
لە بەشێکی تری ووتارەکەیدا، کاک بابەشێخ هەست و حەزی بەرەوپێشچوون و گەرموگوڕی لاوانی لە کارکردن بە گرنگ زانی و داوای کرد کە لاوان بە زانایی و بیرکردنەوەی قووڵ ئەرکەکانیان بەرەوپێش ببەن و لە بڕیاردان خێرا نەبن و پەلە نەکەن.
لەبەشی دواتری بەرنامەکەدا خاتوو فرمێسک ڕەزایی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی لاوان بابەتێکی لەسەر پێویستی بوونی دوو لایەنی گرنگی وزە و ورە لە لاواندا پێشکەش کرد.
لەباسەکەی دا خاتوو فرمێسک ئاماژەی بە ئەرکی رێکخراوی لاوانی خەبات دا لە کارکردن و هەوڵدان بۆ گەراندنەوەی وزە و ورەی لاوان کە دەسەڵات بە مەبەست هەوڵی لەناوبردنیان دەدات و دەبێت لە هەوڵی گەیاندنی دەنگی خۆمان بین بە لاوانی ناوخۆ، وە پێگەیاندن و گەراندنەوەی باوەڕبەخۆبوونی لاوان بەرپرسیاریەتی و ئامانجی سەرەکیمان بێت.
لە کۆتایی مەراسمەکەدا کورتە فیلمێک لەسەر کاروچالاکییەکانی رێکخراوی لاوان و ژمارەیەک چالاکی ئەندامانی ناوخۆی رێکخراوی لاوان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی لاوان پێشکەش کرا.