lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         
لەسەدا ٢٥ی لاوانی سەڵتی ئیلام، تووشبووی ماددە هۆشبەرەکانن"
زیاتر ٢٥ هەزار کەسی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئوستانی ئیلامدا هەیەو ئەمەش وەکوو دیاردەیەکی مەترسیداری کۆمەڵایەتی رووی لە پەرە سەندنە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئوستانی ئیلام کە هەتا چەند ساڵ پێش ئێستا ژمارەی تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان، لە "قامکەکانی دەست" تێنەدەپەڕی، لە ئیستادا زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان بۆ تە زەنگی مەترسییەک بۆ بنەماڵەکان. بە گوتەی بەرپرسی شۆرای بەرنگاربوونەوە لەگەل ماددە هۆشبەرەکان لە ئوستانی ئیلام، بە لایەنی کەمەوە ٢٥ هەزار تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لەو ئوستانەدا هەیە، کە پێدەچێ بەرۆکی ماڵی هەموو کەسێک بگرێ". رەزا سادقیان رایگەیاندووە، کە زۆرەبی تووشبوان ماددەی بێهۆشکەری تریاک بەکار دێنن و لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٨٢٠  کەس دەستبەسەر کراون. سەرەتای ئەم مانگەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر، کە ئەو ژمارەیە تەنیا لە نیو ژناندا ٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، بەردی بناغەی کردنەوەی کەمپێکی تایبەت بە وەلانانی ماددەی هۆشبەر داندرا. سەرەڕای ئەوەیکە ئوستانی ئیلام ١٠ ٢ هەزار لاوی سەڵتی تێدایە، کە رۆژانە بەرەوڕووی زۆربەی خەسارە کۆمەلایەتیەکان دەبنەوە، ناوەندە حکوومەتییەکان کەمترین ئەرک و رۆڵیان لە کۆنتڕۆڵ کردنی قەیران و خەسارەکاندا لە ئەستۆدا بووە.
کـــوردســتانی ئــێران و هـــەنـــگــاوی نــوێی خەبات
دوژمنی ئێمە ،، رژیمی ئاخوندی ،، دۆستی کەمی هەیە. ئێران بە دەلیلی ئەوەی بۆتە ناوەندی بارهێنان و مۆڵگەی ترۆریستان و پشتیوانی گروپە توندڕەوەکانی جیهان، بۆ هەموو دنیا بۆتە هەڕەشەیەکی گەورە. ڕووخانی ئەم ڕێژیمە نەک بۆ قازانجی کورد و دۆزی کورد لە ئیران، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی گرنگە. ئێمە کە هەڵقوڵاوی ناو ئەو واقیعیەتە جوغرافیاییەین و لەگەڵ ئەم ڕێژیمە خوێنڕێژ و دیکتاتۆرە روو بە ڕووین، گرنگە یەکگرتوانە وەک بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جاران زیاتر هەوڵ و تێکۆشانمان هەبێ و ئەو تێکۆشان و خەباتەش راستە و راست لە خزمەتی دۆزی رەوای نەتەوەکەمان لە رۆژهەلاتی کوردستان بێ وبە دوور بێ ....


لە هەر چەشنە خۆ بەستنەوە و کاریگەری هیچ لایەن و هێزێکی دەرەکی لەسەر نەبێ .خۆکۆکردنەوە و دامەزراندنی هێزیکی هاوبەش لە نێوان حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا پێویستێکی هەنوکەیی و گرنگە کە دەبێ بە وردی بخرێتە بەر باس و شرۆڤەکردن و لە هەل و مەرجی ئێستادا وەک خالێکی سەرەکی هاوکاری و هاو هەڵوێستی زەق بکرێتەوە. ئەم هاوکاری و تێکۆشانە هاوبەشەش تەنها پێویستی بە یەک خاڵی هاوبەش هەیە، ئەویش هەوڵدان و تێکۆشان لە پێناو یەک خستن و رێکخسنی شۆڕشێکی هاوبەشی سەردەمیانە لە نێوان هێز و لایەنەکاندا کە بتوانێ لەم سۆنگەوە وێڕای بەرزکردنەوەی ورەی کزبووی خەباتی رەوای گەلەکەمان و بەرز راگرتنی هەستی نەتەوە خوازی و فیداکاری و گیان بازی لەم بوارانەدا، ئازادی خاکی کوردستان و ڕزگارکردنی جەماوەری کوردستانی ئێرانە لە دەستی زوڵم و چەوسانەوەی ڕێژیمی ئاخوندی. کە باشترین هەنگاو لەم بارەوە هەوڵدانە بۆ ڕۆخانی بێ قەید و شەرتی ئەو ڕێژیمە کە لەسەر بنەما و ئەساسی چەوسانەوە و دیکتاتۆری دامەزراوە و باوەڕی بە ماف و ئازادی گەلان نەبوە و نیە و بۆتە سەر چاوی هەموو کێشە ناو خۆیی و ناوچەیی و جیهانیەکان.
حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان ئەوە باش دەزانن، چوون هەم لە ماوەی خەبات دا ئەزموونیان لە کردار و جنایەتەکانی ئەم ڕێژیمە هەیە و دەزانن کە ڕێژیمی ئاخوندی هیچ کاتێکیش ناتوانین نە بە ئاشتی وە نە بە زۆر گەلی خۆمان لە چوارچێوەی ئەم ڕێژیمەدا ئیدارە بکەین و هەوڵ بۆ دیموکراسی و ئازادی بدەین.
شوعاری بێ کردەوە و بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و خۆبەزلزانی، سێ دەردی کوشەندەی ناو هەندێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتن و بە هۆی ئەم ڤیروس و پەتایەوە بە چەشنێک زەرورەتی لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و یەک خستنی هیزی لازم لە پێناو هاوکاری و دەستنیشان کردنی خاڵە هاوبەشە کان‌یان لە پێناو گەیشتن بە رزگاری و ئازادی ئەم خاک و میللەتەیە لە دەستی زوڵم و چەوسانەوەی دژمنی هاوبەش لە بیر چۆتەوە کە گەورەترین زەربەی لە پەرستیژی خەباتی هاوبەش و متمانەی سیاسی و باوەر بە کۆدەنگی و هاو هەنگاوی لە پێناو پێشخستنی بزاڤی نەتەوایەتیمان داوە.
هەندێک دروشم زیاتر لە ‌دنیای فەنتازی و خەیاڵەوە نزیکترە، وەک لە واقع و مەنتیق وپێویستە لە سیاسەتی ڕۆژ نزیک بێ. گرنگترین و باشترین هەنگاو بەڕای من گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاڵە هاوبەشەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا.مادام دروشمی مافی چارەی خۆنووسین یەکێکە لەو دروشمانەیە کە نزیک بە هەموو لایەنەکان دەتوانن لەسەری کۆک بن و هەموو داوای مافی نەتەوایەتی بۆ کورد و ئازادی و ئاوەدانی کوردستان دەکەن، ئیتر شەڕی دەسەڵات و کورسی و تاقم و دەستەبەندی لە پێناوی چی دا? بۆکێ و بۆ چی?. هەندێک لە حزبەکان دەبێ بە جیدی و لە ماوەیەکی کورت دا کار بۆ خەباتی هەوبەش بکەن و خۆیان یەکلا بکەنەوە. یا ئەوەتا دەڕۆنەوە لەسەر هەمان باوەڕ و ئایدلۆژیای تەک رەوی و بەرنامەی خۆیان پیادە دەکەن، یا ئەوەتا بە ڕەسمی گۆڕانکاری لە خەت و ڕێبازی خۆیان دەکەن و خەت و رێبازێکی گشتگیر و نوێ دادەمەزرێنن. تەنها گۆڕان بەسەر کەسایەتی و پۆست و کورسی دا هاتوە، کە بەم رەویە و ئاکارانە تاکو ئێستا نەیانتوانیو‌ە ببنە بنەما بۆ هێنانە ئارای ئایدلۆژی و فکرێکی نوێ بۆ ناو شەقام و شۆڕشی سەردەمیانەی کوردی. ئەم هێز و لایەنانە ئەگەر لە خەم مێژووی خەباتی حیزبەکەشیان نەبن، دەبێ بیر لە بەرژەوەندی گشتی بکەنەوە و لەو ڕوانگەوە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بدەن. نەرمی نواندن ئاخاوتنی لێزانانە وهەست کردن بە پێویستی هاو هەڵوێستی و هاو خەباتی بۆ یەکخستنی خالە هاوبەشەکان لە پێناو ئامانج و ئاواتی گشتی ، لە نێوان سەرکردەکان دا زۆر گرنگە و هەوڵدان بۆ هەنگاونانی لێک تێگەیشتن و چارەسەری کۆتایی لەم بارەوە نەک هەر بۆ خۆیان بەڵکو بۆ تەواوی خەباتی سیاسی و بزاڤی رەوای کوردی و شێوازی کارکردنی هاوبەش لەنێوان هەموو لایەنەکان دا گرنگە.
بەسەراحەت پێم خۆشە بیڵێم کە ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی ئێمە دەیکەین لە ئاست پێویستی نەتەوەکەماندا نیە و زۆر کەمە. هەوڵدان و دامەزراندنی بەرە یان پلاتفۆڕمێکی سیاسی- چەکداری، زەرورە. دروسکردنی بەرەیەک وەک بەرەی هاوبەشی ساڵەکانی پێش ڕاپەڕین و چەند ساڵ دوای ڕاپەڕینەبەشکۆکەی گەلی کوردمان لە کوردستانی عێراق دا زۆر پیویستە.
دروستبوون ودامەزراندنی بەرەیەکی هاوبەشی لەو چەشنە لە شاخەو بۆ شار بە چەند دەلیل زۆر گرنگ و بەجێیە وەک‌:

١. دامەزرانی هێزێکی تۆکمە و پێکهاتوو لە هێزی پێشمەرگەی هەموو حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵات، کە بتوانێ بە ڕەسمی یان ناڕەسمی پشتیوانی لە خەباتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات لە بەرامبەر ‌ ڕێژیمی ئاخوندی دا.
٢. بەرەی هاوبەش دەبێتە زامنی یەکگرتن و زیاتر پێکەوە کارکردن ، لەناو هێزی سیاسی و چەکدای هەموو لایەنەکاندا.
٣. ئەگەر بەرەیەکی لەو شێوە پێک بێ هەموو حزبە بەژداربووەکان خۆی بەخاوەنی دەزانن و هەوڵی بۆدەدەن. کەسیان هێزێکی لەو شێوە لەبەر خاتری ئەوی تریان ڕەت ناکاتەوە.
٤. شادبوونەوەی جەماوەری ڕۆژهەڵات بە ڕۆڵەکانی خۆی و هەوڵدان بۆ چالاکی ڕاستەوخۆ لە ناوخۆی کوردستان دا.
٥. بەرەوپێشچوون و مۆدێرنیزەکردنی هێزی پێشمەرگە لە فێرگەیەکی سیاسی نیزامی دا کە لە هەموو هەلوو مەرجێک دا بتوانێ پشتیوانی لە کوردستان و بزوتنەوەی کورد بکات لە کوردستانی گەورە بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.
کوردستانی ئێران پێویستی بە هەنگاوی نوێی خەباتکردن هەیە. هەوڵ و هیمەتی هەموومانی دەوێ. ڕۆحی هاوکاریکردن و لێک تێگەیشتن لەیەک و هەنگاوی بوێرانەی دەوێ. هێز لە یەکگرتن دایە. بەو هیوایەی هەموومان پێکەوە کار بکەین لەپێناو بەرژەوەندی کوردی ڕۆژهەڵات و ڕزگارکردنیان لە زوڵم و چەوسانەوەیان ڕێژیمی ئاخوندی.
کـــرانەوەی مـــەدرەسەکان و کــێشە و گـــرفتی خــوێندکاران
بە کۆتایی هاتنی وەرزی هاوین و دەستپێکی وەرزی پاییز جارێکیتر خوێندکاران خۆیان بۆ ساڵێکیتری خۆێندن ئامادە دەکەن و بە گرۆ تینێکی زۆرەوە روو لە خوێندنگاکان دەکەن. بەڵام خوێندکاران لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی بەرەو رووی کێشەو گرفتی زۆر دەبنەوە، هەر لە کەمی قۆتابخانەکانەوە بگرە تاکوو نەبوونی ئیمکاناتی خۆێندن و خوێندنگاکان. ئەگەر بمانەوێت ئاورێک لە کەمییەت و کەیفیەتی خۆێندن لە دوای هاتنە سەر کاری رژێمی ئاخوندی لە ئێران بدەینەوە دەبینین کە ئاستی زانست و فێربوون تا رادەێکی زۆر دابەزیوە و خوێندکاران لە ئێران...



لە جیاتی ئەوەیکە فێری عیلم و زانستی سەردەمیانە ببن و کتێبەکانیان بە زانستی رۆژ تەیار کرابێت، ناچار دەبن کە مێژووی ئیمامانی شێعە و چۆنیەتی ژیانی ئاخوندەکانی زاڵ بەسەر ئێراندا بخوێنن. هەر وەک دەزانین منداڵان لە تەمەنی چوار ساڵیدا و بگرە کەمتریش لە ووڵاتانی رۆژئاوایی و ئەو وڵاتانەی کە پێشکەوتوون دەنێردرێنە رەوزە و دواییش قۆتابخانەی سەرەتایی و هەر لەو تەمەنەدا بە عیلم و زانستی پێشکەوتووانە ئاشنا دەبن و خۆیان بە خوێندنی سەردەمیانە تەیار دەکەن. بەڵام لە ئێران دەبێت لە سەرەتای وەرزی خوێندنەوە لە خەمی کەمی مەدرەسەکان و نەبوونی پێداویستی خوێندن و مەدرەسەکاندا بن ئەمە سەرەرای ئەوەیە کە هەر ساڵە و بە دەیان جار بە بیانووی جۆراوجۆر پووڵ لە بنەماڵەی خوێندکاران وەردەگیردرێت بە بیانوی نوێژەی کردنەوەی مەدرسە و دابیت کردنی کەرەستەی پێویست بۆ خوێندکاران، بەڵام کەس نازانێت کە ئەو پووڵە لە کوێ و لە چیدا سەرف دەبێت. دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین کە ئەو گرفتانە تەنیا بەرەو رووی خوێندکارە هەژارەکان دەبێتەوە چونکوو منداڵانی بەرپرسان و چینی دەوڵەمەند نەتەنیا لە مەدرەسە تایبەتیەکان دەرس دەخوێنن بەڵکوو مۆعەلمی تایبەتیشیان بۆ دەگیردرێت و بە پووڵ و ئیمکاناتی خەڵکی ئێران رەوانەی وڵاتانی دەرەکی دەکرێن. ئەگەر ئاورێک لە ئاماری کانگا و مەعدەنەکانی ژێر زەوینی و سەر زەوینی لە ئێران بدەینەوە دەبینین کە ئێران یەکێکە لە وڵاتانی دەوڵەمەند لە بواری کانگاگەلێک وەک نەوت، گاز و زێر و ...هتد، بەڵام داهات و ئیمکاناتی ئەم وڵاتە بە جێگای ئەوەیکە سەرفی خەڵکی ئێران بکرێت و کێشەو گرفتەکانی خەڵکی هەژارە پێ چارەسەر بکرێت، سەرفی پشتیوانی تیرۆریسمی دەرەکی وەک حیزبۆڵای لۆبنان و گروپە شێعەکانی عێراق و سوریە دەکرێت و بە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران مەزاری ئیمامانی شێعە لە وڵاتانی دەرەکی نوێژەن دەکرێتەوە و گروپە ئیسلامیە تۆندرەوەکانی پێ تەیار دەکرێت، ئەمە لە حالێکدایە کە زۆرینەی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن و خوێندکاران بە جیگای ئەوەیکە لە فکری خوێندن و سەوادئاموزیدا بن دەبێت لە فکری بژێوی ژییانیان بن و وەک دەبینین زۆربەی خوێندکارانی بنەماڵە کەم داهات و هەژارەکانی کۆمەڵگای ئێران ناچارن لە دوای خوێندن لە سەر شەقامەکان و لەسەر کارە سەخت و تاقەت پرۆکێنەکاندا پارویک نان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان پەیدا بکەن. بە پێی راپۆرتەکان بۆ هەر بنەماڵەێکی چوار کەسی 1 میلیۆن و 500 هەزار تمەن پێویستە تەنیا بۆ دابین کردنی ژیانی رۆژانەیان لە مانگێکدا لە کاتێکدا حەقدەستی هیچ کرێکارێک لە ئێران لە 500 هەزار تمەن تێ ناپەرێت و هەر بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی رژێمی ئاخوندی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران زۆرترین رێژەی بێکارییان تێدایە و خەڵکی کوردستان ناچارن بۆ دۆزینەوەی کار روو لە شارەکانیتری ئێران بکەن و یان شان بدەنە ژێر کۆلی قورسی سەر سنوورەکان و کۆڵبەری بکەن کە ئەوەش بۆ خۆی کێشەێکیتری خەڵکی کوردستانە. لە بواری ئیمکاناتی مەدرەسەکانیشدا بە تایبەت لە کوردستان دەبێت بڵێین کە ئاستی ئەو مەدرەسانە لە خرابتریترین ئاستی خۆیدایە و هەر ساڵە بە هۆی نەبوونی ئیمکانات بە تایبەت لە وەرزی زستان چەندین حاڵەتی دڵتەزین بەرەو رووی خوێندکاران دەبێتەوە وەک دارمانی مەدرەسەکان و ئاور گرتنی کەرەستەی گەرم کردنەوەی کلاسەکانی دەرس وەک ئەوەیکە لە 15ی سەرماوەزی ساڵی 91 لە یەکێک لە مەدرەسەکانی ناوچەی سەرپیرانشار( شیناوێ) روویدا و بە هۆی ئاور گرتنی پۆلی دەرسی کچە خوێندکارانی ئەو گوندەوە 29 قۆتابی تووشی رووداوی سوتان بوون و دوو کچە خوێندکاریش گیانیان لە دەست دا و تاکوو ئێستاش بە تێپەر بوونی نزیک بە دوو ساڵ لەو روداوە و وەعد و بەڵێنی بەرپرسانی رژێمی ئاخوندی لەمەڕ چارەسەر کردنی کچە سووتاوەکانی مەدرەسەی شیناوێ و داواکاری چەندین جارەی ئەو خوێندکارانە هیچ ئاورێکیان لێ نەدراوەتەوە . هەر لە بەرەبەری ساڵی نوێی خوێندن بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ناوچەی نایسەری سنە رایگەیاند کە بۆ 5400 خوێندکاری ئەو ناوچەیە تەنیا 9 مەدرەسە بوونی هەیە و ئەوەش وای لێیان کردووە کە مەدرەسەکان بە شێوەی دوو شیفت کار بکەن و لە هەر کلاسێکی 12 مەتریدا 40 خوێندکار دەرس بخوێنن کە ئەمە بە وتەی شارەزایانی بواری پەروەردە تەئسیری خراپی لەسەر خوێندکاران دەبێت و خوێندکاران بە باشی ناتوانن کەڵک لە تواناکانی خۆیان وەر بگرن و مامۆستایانیش ناتوانن وەک پێویست بە ئەرکی خۆیان هەڵسن و خوێندکارانیان بار بێنن. کەمی مەدرەسە و زۆری خوێندکاران لە پارێزگا کوردنشینەکان لە حاڵێکدایە کە لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات 86 مەدرەسە بوونی هەیە و تەنیا لە 10 مەدرەسی خوێندکاران دەرس دەخوێنن وز بە وتەی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو پارێزگایە ساڵی نوێی خوێندن لە حاڵێکدا دەست پێ دەکات کە کەمی قۆتابخانە هەیە وپۆلەکانی خوێندن جەنجاڵن.بۆ پشتراست کردنەوەی غەیرە ئیستاندارد بوونی مەدرەسەکان سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سووتان لە ئێران رایگەیاندووە کە لە 150 هەزار مەدرەسە کورەی نەوتی بوونی هەیە کە مەترسی هەیە ودەتوانێت ببێت بە هۆی خۆڵقاندنی کارەساتێک و دەبێت بنەماڵەی خوێندکاران لە خەمی رۆڵەکانیاندا بن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە کەسی سووتاو هیچ کات چارەسەر ناکرێت و پێستی سووتاو هیچ کات دەرمان ناکرێت. کێشەو گرفتی خوێندن تەنیا بۆ خوێندکاران نیە و چینی دڵسۆزی مۆعەلمینیش لەم کێشانە بێ نسیب نین و مۆعەلمین سەرەرای ئەوەیکە دەبێت هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەر بۆ فێرکردن و بارهێنانی خوێندکاران دەبێت لەم هەل ە مەرجە ئالۆزەی ئابوری ئێران لە فکری بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان بن و زۆربەی مۆعەلمین ناچارن هەم وانە بڵێنەوە و هەمیش کار بکەن چونکوو ئەو حەقدەستەی کە وەریدەگرن پێداویستیەکانی ژیانیان پڕناکات. لە حالێکدا دامەزراندنی مامۆستایانیش بە شێوەی قەراردادی کێشەێکیترە کە بەرەورووی ئەو چینە زەحمەتکێشەی کۆمەڵگا دەبێتەوە. لێرەدا دەبێت پرسیار لە بەرپرسان و حاکمانی عەمامە بەسەری ئێران بکەین کە ئایا رازی دەبن رۆڵەکانی خۆیان لە وەها مەدرەسەگەلێک کە لە ناوچە کوردنشینەکاندا بوونی هەیە بخوێنن? ئایا رازی دەبن لە مەدرەسەێکدا کە بە دار دروست کرابێت و تەنیا وەسیلەی گەرم کەرەوەیشی بۆخاریێکی کۆنی نەوتی بێت منداڵەکانیان بخوێنن? یان منداڵەکانی ئەوان ( نور چشمین) و دەبێت لە ژێر دەستی باشترین مۆعەلم و لە باشترین مەدرەسەی تایبەتدا بخوێنن، چونکوو باوکانی ئەوان خوێنی کەسانی هەژار دەمژن و ئەرکی پاراستن و دامەزراندنی گروپە تیرۆیستیە شێعەکان لە ئەستۆی ئەوانە و خەڵکی بەشمەینەتی ئێران دەبێت تاوانەکەی بدەن تاکوو منداڵانی سەرانی حیزبۆڵای لۆبنان و گروپە تیرۆریستەکانی عێراق و سوریە لە باشترین حاڵەتدا بخوێنن. بە ئاوردانەوەێک لە چۆنیەتی ژیانی ئاغازادەگان بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەوەی بۆ خۆیان دەیانەوێت قەد بۆ خەڵکی ئێرانیان ناوێت و لەوەها هەل و مەرجێکدا ئەرکی سەر شانی خوێندکاران بە تایبەت خوێندکارانی زانکۆکان لە هەر کات قۆرستر دەبێت و ئەو چینە گرنگەی کۆمەڵگا دەبێت بە ئەرکی مێژوویی خۆیان هەڵسن و چیتر نەهێڵن کە دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر ئێراندا لە خەڵکی ئێران کەڵک وەر بگرن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان. ئەگەر سەیرێکی مێژوو بکەین دەبینین چینی خوێندکار و لاو دەور و نەقشێکی تایبەتیان هەبووە لە شۆرشەکانی جیهاندا و بە بەرز بوونەوەی دەنگی خوێندکاران بووە کە شۆرش و ئازادی بە ئاکام گەیشتوون، بۆیە دەبێت چینی خوێندکار و رەوشەنفکری ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی دەنگ هەڵبرن و خەڵکی کۆمەڵگا وشیار بکەنەوە و خۆشیان ببن بە سەرقافلەی گۆران و بە دەستهێنانی ماف و ئازادی لە ئێراندا.
مەترسی لە سێدارەدانی زیندانیێکە سیاسی کورد
ئەگەری لە سێدارەدانی زیندانی سیاسی کورد، سامان نەسیم کە لە تەمەنی 17 ساڵەیەوە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی نەیاری رژێمی ئاخوندی دەستبەسەر کرابوو، کۆمەڵگای مافی مرۆڤی نیگەران کردووە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەری هێرانا، سامان نەسیم زیندانی سیاسی کورد لە رێکەوتی 26ی پووشپەری 1390 لە تەمەنی 17 ساڵەگیەوە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکان دەستبەسەر و لە لقی 1ی دادگای شۆرشی مەهاباد بە تۆمەتی مۆحاربە بە ئێعدام مەحکوم کرا و حوکمەکەی لە لایەن دیوانی باڵای نیزامەوە پشتراست کرایەوە. جێگەی باسە کە سامان لە ئێستادا لە بەندی 12ی زیندانی ورمێ دەستبەسەر و چاوەروانی بەرێوەچوونی حوکمی لە سێدارەکەیەتی. هەروەها بە پێی کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی منداڵان کە رژێمی ئاخوندیش یەکێکە لە واژۆکارانی، لە سێدارەدانی کەسانێکە لە ژێر تەمەنی 18 ساڵەیەوە تاوانێک ئەنجام دەدەن قەدەغەیە.
کوردەکان لەدوای بەلووچەکان زۆرترین رێژەی نەخوێندەواریان هەیە
لەسێ‌ئوستانی کوردستانی ئێران رێژەی کەسانی نەخوێندەوار لەبنەماڵەکاندا لەسنووری ٤٦٥ هەزار کەس تێپەڕیوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان،لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی ئێران لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران دوایین ئامار و بارودۆخی خوێندەوار بوونی هاووڵاتییانیان لەشار و ئاواییەکان راگەیاند و لەو نێوەدا ٢٥٠  هەزار نەخوێندەوار لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا هەیە. ئەو کەسە نەخوێندەوارانە بەشێوەی نێوەنجی تەمەنیان لەنێوان ١٠  بۆ ٤٩ ساڵ دایە. جێگری سەواد ئامووزیی ئیدارەی پەروەردەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنا باسی لە رێژەی زۆری ژنانی نەخوێندەوار کردووە و وتوویەتی: زۆرترین رێژەی نەخوێندەواری ئوستان لە ئاواییەکاندایە و ١٤٨ هەزار و ٨٥٧ نەخوێندەوار لە گوندەکان بوونی هەیە.محەمەد رەزا نەجەفی لەحاڵێکدا کە ئەو ئوستانەی بە دووەمین ئوستانی نەخوێندەوار لەئێران لە دوای سیستان و بەلووچێستان لەقەڵەم داوە، کە رێژەی نەخوێندەواری راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر گەشەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە هەیە. ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتی باس لەوە دەکات کە پێویستە دەوڵەت بەشێوەی بێ‌بەرامبەر پەرە بە خوێندن بدات و بەبێ‌بەرامبەر کلاس بۆ نەخوێندەواران دابنێن. هاوکات لەگەڵ قسەکانی نەجەفی، هەواڵدەریی ئیسنا لەسنە لەزاری جێگری تەندروستی زانستی پزیشکیی ئوستانی کوردستانەوە بڵاوی کردۆتەوە، لە ئاواییەکی سەر بە سەوڵاوا ٨١ منداڵ لەخوێندن بەجێ‌ماون. لەحاڵی حازردا ١١١ هەزار ٩١٧ کەسی نەخوێندەوار لەئوستانی کوردستان دەسنیشان کراون، کە تەمەنیان لەنێوان ١٠  بۆ ٤٩ ساڵ دایە. رێژەی نەخوێندەواری لە کرماشانیش ١٠ ٥ هەزار کەس راگەیەندراوە و ئەو ژمارەیە لەئەنجامی بەدواداچوونی ١٤ ناوەندی سەواد ئامووزییەوە بەدەست هاتووە.
کچ و کوڕێک لە مەریوان و سەوڵاوا، ئاگریان لە خۆیان بەردا
لە دوو رووداوی جیاجیادا کچ و کوڕێک ناوچەکانی مەریوان و سەوڵاوا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، کچێکی تەمەن ٢٠  ساڵ بەناوی فەریدە و کچی حەبیبوڵڵا، کە خەڵکی گوندی "ئاڵمانە"ی سەربە شاری مەریوان بووە، بەهۆی فشاری کۆمەڵایەتییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی. بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کچە تەمەن ٢٠  ساڵەیە، بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خۆشەویستەکەی بەرەوڕووی ئاستەنگ ببوویەوە، حەفتەیەک پێش ئێستا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، کە سەرئەنجام رۆژی سێ‌شەممە لە نەخۆشخانەی مەریوان و بەهۆی سووتانی لەسەدا ٩٠ ی جەستەی گیانی لەدەست دا. لەلایەکی دیکەوە کوڕێکی لاوی خەڵکی گوندی بێسارانی سەربە شارستانی سەوڵاوا، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بەنزینی بەسەرخۆیدا کردووەو ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە، کە بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ئەو کوڕە، ویستوویەتی لەگەڵ خۆشەویستەکەی ژیانی هاوبەش پێک بێنێ، بەڵام باوکی ئەو کوڕە بەناوی "محەمەد یەعقوبی"، چوون بۆ سەربازیی کوڕەکەی کردووەتە مەرجی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی و لە ئەنجامدا کوڕەکەی خۆی سوتاندووە.
200 تۆن هاوکاری مرۆڤدۆستانه‌ی خه‌ڵکی کرماشان ڕه‌وانه‌ی ئاواره‌کانی هه‌رێم کرا
له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی کرماشانه‌وه‌ 200 تۆن هاوکاری و یارمه‌تی بۆ ئاواره‌کانی هه‌رێمی کوردستان و شه‌نگال کۆ کرایه‌وه‌ و ڕاده‌ستی ئیداره‌ی قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌کرد. به‌پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان به‌ دوای هێرشه‌کانی گروپی توندڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و شام(داعش) بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، ژماره‌یه‌کی زۆری ئاواره ‌له‌و ناوچانه‌ وبه‌تایبه‌ت کوردانی ئێزدی خه‌ڵکی شه‌نگال، ڕوویان کرده‌ هه‌رێمی کوردستان و که‌وتنه‌ دۆخێکی دژوار و مه‌ترسیدار. له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی شاره‌کوردنشینه‌کانی ئێران و له‌وان، سنه‌، کرماشان، مه‌هاباد، جوانڕوو، مه‌ریوان و دیکه‌ی شاره‌کان خه‌ڵک هه‌ستان به‌ کۆ کردنه‌وه‌ی یارمه‌رتی بۆ هاوکاری کردنی ئاواره‌کانی هه‌رێم و که‌م کردنه‌وه‌ی زام و ئازاره‌کانیان. بە پێی ئەم راپۆرتە، لە لایەن خەڵکی کرماشانەوە زیاتر له‌ 3 میلیاردو 500 ڕیاڵ هاوکارییان بۆ ئاواره‌کانی هه‌رێم کۆ کردۆته‌وه‌. جێگەی باسە یارمه‌تییه‌کان بریتین له‌ خۆراک له‌وان، برنج، ماکارۆنی، قه‌ند و شه‌کر، زیت و ....به‌ کێشی 200 تۆن له 17 لۆری بارکراوه‌ و له‌ ڕێگای سنووری شۆشمێ شاری پاوه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق کراوه‌.
بوومه‌له‌رزه‌ ئیلامی هه‌ژاند 250 که‌سیش بریندار بوون
وودانی چه‌ندین بوومه‌له‌رزه‌ له‌ پاره‌ێزگای ئیلام بوو به‌ هۆی ترسی خه‌ڵک و دواجار بوومه‌له‌رزه‌یه‌ک به‌ گوڕی 6.1 پله‌ به‌ پێوه‌ری ڕیشته‌ر بریندار بوونی 250 که‌سی لێکه‌وته‌وه‌ . به‌پێێ راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ڕووژی ڕابردوو له‌ هاوێری شاری ئابدانان سه‌ر به‌ پاڕێزگای ئیلام چه‌ندین بوومه‌له‌رزه‌ی یه‌ک له‌ دوای یه‌ک ڕووی دا وبوو به‌ هۆی ترس و نیگه‌رانی زۆری خه‌ڵک و دواتر سه‌ر له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ /27ی گه‌لاوێژ، بوومه‌له‌رزه‌یه‌کی دیکه‌ گوڕی 6.1 پله‌ به‌ پێوه‌ری ڕیشته‌ر ناوچه‌که‌ی هه‌ژاند. له‌مباره‌وه‌ که‌ره‌می، به‌‌ڕیوه‌به‌ری به‌شی قه‌یرانه‌کان له‌ ئیداره‌ی پارێزگای ئیلام ڕاگه‌یاند: ناوه‌ندی ئه‌م بوومه‌له‌زه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی مورموری ئابدانان بووه‌ که‌ کاتژمێر 07:02 ی سه‌رله‌به‌یانی به‌ قوڵی 10 کیلۆمه‌تر له‌ ژێر زه‌وی هاته‌ ئاراوه‌ و بۆته‌ هۆی ڕووخانی خانووکان له‌ گونده‌کانی ناوچه‌که‌. خه‌ڵکی ناوچه‌کانی ئابدانان و دێولۆرانی ئیلام شه‌وی ڕابردوو به‌ هۆی نیگه‌رانی و دڵه‌‌ڕاوکێ بوومه‌له‌رزه‌که‌ نه‌یانتوانی بچنه‌ ماڵه‌کانیان و له‌ شه‌قام و پارک و شوێنه‌ گشتییه‌کان مانه‌وه‌. هه‌روه‌ها هەواڵدەری حکومەتی هه‌مشه‌هری ئانلاین له‌مباره‌وه ‌رایگه‌یاند که‌ ژماره‌ی بریندارانی بوومه‌له‌زه‌که‌ گه‌یشتۆته‌ 250 که‌س و له‌ کاتژێری 9ی سه‌رله‌به‌یانیش پاش له‌رزه‌یه‌کی دیکه‌ به‌ گوڕی 6پله‌ به‌ پێوه‌ری ڕیشته‌ر له‌ ناوچه‌که‌ ڕووی داوه‌. بومه‌له‌رزه‌که‌ له‌ پارێزگاکانی لۆرستان، خوزستان و کرماشانیش هه‌ستی پێکراوه‌.
دوایین هەواڵەکان
photo
لاوانی خه‌بات

1 ساڵ و 2 مانگ و 25 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 38 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

1 ساڵ و 4 مانگ و 7 ڕۆژ و 16 کاتژمێر و 54 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
ڕاگەیندراوی ڕێکخراوی لاوانی خەبات

1 ساڵ و 4 مانگ و 19 ڕۆژ و 16 کاتژمێر و 29 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
ڕاگەیندراوی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی ڕۆژی زمانی زگماگی

1 ساڵ و 5 مانگ و 6 ڕۆژ و 33 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
لاوانی خه‌بات

1 ساڵ و 6 مانگ و 17 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 40 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
لاوانی خه‌بات

1 ساڵ و 8 مانگ و 25 ڕۆژ و 19 کاتژمێر و 5 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo


1 ساڵ و 9 مانگ و 9 ڕۆژ و 19 کاتژمێر و 28 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر