lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         
بێکاری سه‌ره‌کیترین کێشه‌ی کوردستانه‌ ‌

عه‌بدولمحه‌مه‌د زاهدی پارێزگاری رژێمی ئاخوندی لە کوردستان له‌ دووهه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پڵانڕێژی کوردستان کە ڕۆژی دووشه‌ممه‌ (22ی گوڵان) له‌ هۆڵی ده‌وڵه‌ت له‌ ناو ئیداره‌ی پارێزگای کوردستان، به‌‌ڕێوه‌چوو، رایگەیاند، وشه‌ی بێ به‌ش بۆ کوردستان به‌ کار ناهێنم چونکوو پێم وایه‌ که‌ خوا هیچ شوێنێک له‌ زه‌وینی بێبه‌ش نه‌خولقاندووه‌ به‌ڵکوو ئه‌وه‌‌ ئێمه‌ین که‌ نه‌مانتوانیوه‌ سامانه‌کان به‌ باشی و له‌ جێی خۆیدا به‌کار بێنین. بەڵام دەبێت بڵێم دواکه‌وتوویی کوردستان قه‌ره‌بوو نه‌کرایه‌وه‌. پارێزگاری کوردستان به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی که‌ پێوه‌ره‌کانی گه‌شه‌کردن له‌ کوردستان له‌ خواره‌وه‌یه‌، سه‌ره‌کیترین کێشه‌ی به‌رده‌م گه‌شه‌ی کوردستانی به‌ نه‌بوونی ژێرخانه‌کانی به‌شی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن ناوبرد و وتی: له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌تایبه‌ت بواری زه‌وینی و ئاسمانی و هێڵی ئاسن له‌گه‌ڵ بارودۆخێکی دژواردا ڕووبه‌‌ڕووین. زاهدی به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی که‌ له‌ بواری کاردا کێشه‌ی جیددیمان هه‌یه‌ وتیشی: ڕێژه‌ی گه‌شه حه‌شیمه‌ت له‌ کوردستان له‌ چاو مامناوه‌ندی وڵات خوارتره‌ و ‌‌‌‌هۆکاره‌که‌شی کێشه‌ی بێکاری و کۆچ کردنه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت سنووره‌کان له‌ حه‌شیمه‌ت خاڵی ده‌بنه‌وه‌. هەروەها وتی، ته‌واوکردنی گه‌ڵاڵه‌ نیوه‌ته‌واوه‌کانی کوردستان پێویستی به‌ 7 هه‌زار میلیارد تمه‌ن بودجه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ بارودۆخی ئێستادا دابین کردنی ئه‌و گوژمه‌ خه‌ونێکی دووره‌.زاهدی وشه‌که‌ساڵی و که‌مبوونه‌وه‌ی باران و کێشه‌ی خۆڵبارینی به‌ هه‌‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ژینگه‌ی کوردستان ناوبرد و زیادیشی کرد: ده‌ریاچه‌ی زرێبار به‌هۆی ئه‌م کێشانه‌وه‌ له‌ گیانه‌ڵادایه‌.
وتووێژه‌کانى رژێمى ئاخوندى له‌گه‌ڵ ئاژانسى ئێنرژى ناوه‌کى به‌ بێ پێشکه‌وتن کۆتایى هات

به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى رۆیترز، وتووێژه‌ ناوه‌کییه‌کانى ئاژانسى نێونه‌ته‌وه‌یى وزه‌ى ناوه‌کى و رژێمى ئاخوندى ئێران له‌ وییه‌ن دواى سێ کاتژمێر به‌ بێ هیچ راگه‌ێندراوێک بۆ یارمه‌تى که‌م کردنه‌وه‌ى نیگه‌رانى له‌ چالاکییه‌ ناوه‌کییه‌کانى رژێمى ئاخوندى کۆتایى پێهات. روون نییه‌ که‌ پێشکه‌وتنێک له‌و وتووێژانه‌دا بوبێت و ئه‌م گۆمانه‌ش روون نییه‌ که‌ رێگه‌ چاره‌ێک له‌و بابه‌ته‌دا دۆزرابێته‌وه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، به‌ پێچه‌وانه‌ى وتووێژه‌کانى رابردوو هیچ کام له‌ لایه‌نه‌کان دواى وتووێژه‌کان هیچ بۆچوونێکیان رانه‌گه‌یاند و بریار وایه‌ که‌ رژێمى ئاخوندى تا نێوه‌ى مانگى مه‌ى زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و چاشنییانه‌ى که‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌ێکى ناوه‌کى به‌کار ده‌هێندرێن بدات به‌ ئاژانس، به‌لام دیارى نه‌کراوه‌ که‌ چ کاتێک سه‌ر له‌ نوێ کۆده‌بنه‌وه‌.
راگەێندراوی بەرێوەچوونی سمینارێک بە مەبەستی کۆنفەرانسی نەتەوەیی لاوان
هه‌روه‌ک هه‌موولایه‌ک ئاگادارن چواره‌م کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌‌ڕێوه‌یه‌، بۆ ئاگادار بوونی زیاتر له‌ ئاماده‌کارییه‌کان، لیژنه‌ی هاوئاهەنگی رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵات رۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ رێکه‌وتی 11ی مه‌ی 2014ی زایینی به‌رامبه‌ر به‌ 21ی بانه‌مه‌‌ڕی 2714ی کوردی له‌ هۆڵی چاودێر له‌ سلێمانی سمینارێک به‌ به‌شداری نوێنه‌ری سه‌رجه‌م رێکخراوه‌کانی لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ به‌‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.
داوا له‌ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووس‌ و راگه‌یه‌نه‌کان ده‌که‌ین کاتژمێر 2ی پاش نیوه‌‌ڕۆی رۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ له‌ هۆڵی چاوه‌دێر له‌ شاری سڵێمانی ئاماده‌بن .
لێژنه‌ی هاوئاهه‌نگی رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵات بۆ راپه‌‌ڕاندنی چواره‌مین
کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان
9/5/2014ی زایینی
19/2/1393ی هه‌تاوی
راگەیەندراوی بنەمالەی کەبوودوەند روو له ناوەندە یاساییەکانی ناوخۆ و دەرەوە
بنەماڵەی محەمەد سەدیق کەبوودوەند لە راگەیاندراوێکدا خوازیاری " دیاریکردن و نووسین دەقی مافە یاساییەکان" بۆ سکاڵا لەمەڕ "زیندانی و ئەشکەنجە"ی کەبوودوەند لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بوون. لەو راگەیاندراوەدا ئاماژە بە سێ حەفتە نەخۆشبوون و لەجێدا کەوتنی سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و ئەشکەنجە کردنی ناوبراو کراوە. ئەو نامەیە، کەدوێنى ١٨ى بانه‌مه‌ر٠ بڵاو کراوەتەوە، دەرخەری ئەوەیە کە بنەماڵەی کەبوودوەند لەلای ناوەندە یاساییەکانی ناوخۆ و دەرەوە سکاڵا تۆمار بکەن، کە زیندانی کردن و ئەشکەنجەی سەرۆکی زیندانی کراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ناوەرۆکی ئەو سکاڵایە دەبێت. محەمەد سەدیق کەبوودوەند مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی دەستبەسەر و پاش دادگایی کران، بە تۆمەتی هەوڵدانی دژی تەناهیی نەتەوەیی لەرێگەی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانەوە حوکمی ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.
پاش نه‌جاتى له‌ نه‌خۆشى ماده‌ى هۆشبه‌ر، مه‌ودای سنه‌ و دێولانی به‌ ڕاکردن بڕی
وه‌رزشوانێک و چالاکێکی کوردی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر، پاش ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشى مادده‌ی هۆشبه‌ر بۆ هه‌میشه‌یی ڕزگاری بوو، به‌ ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ساره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و بڕه‌وپێدانی وه‌رزش، ٤٧ کیلۆمه‌تری جادده‌ی سنه‌ و دێولانی به‌ ڕاکردن بڕی. به‌پێی راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌کان: ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ١٧ی بانه‌مه‌ر٠، ئیبراهیم مه‌فاخری، وه‌رزشوان و چالاکی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر، پاش ئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ ڕزگاری بووه‌ له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌ دروشمی "ویستنی مرۆڤ توانایه‌تی" و به‌ ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ و به‌کارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ کۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها بڕه‌وپێدانی وه‌رزش و ته‌ندروستی، به‌ وه‌رزشی ڕا کردن مه‌ودای ٤٨ کیلۆمه‌تری نێوان شاری سنه‌ و شاری دێولانی بڕی. ئه‌م وه‌رزشوانه‌ کورده‌ ڕایگه‌یاند که‌ ئامانجی له‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ سه‌رجه‌م تووشبووانی مادده‌ی هۆشبه‌ر پیشان بدات که‌ ده‌توانن خۆیان له‌م به‌ڵایه‌ ڕزگار بکه‌ن و له‌ ڕێگای وه‌رزشه‌وه‌ ده‌توانن به‌ره‌نگاری ئه‌م دیارده‌ نگریسه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بکه‌ن. ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕووØ› سه‌ره‌‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆی بۆ ماوه‌ی ١٦ ساڵ تووشبووه‌ به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی ٩ ساڵه‌ و پاش بڕیارێکی به‌ بڕشتی، توانیویه‌تی خۆی له‌م به‌ڵایه‌ ڕزگار بکات و له‌ ئێستادا ته‌نانه‌ت جگه‌ره‌ش به‌کار ناهێنێت و له‌ ڕێگای وه‌رزش کردن پاک بوون و ته‌ندروستی جه‌سته‌ی خۆی ده‌پارێزێت. ئه‌م وه‌رزشوانه‌ کورده‌ سپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌شی کرد، که‌ له‌ ڕزگاربوونی یارمه‌تییان داوه‌، به‌ تایبه‌ت هاوسه‌ره‌که‌ی و هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی کرد که‌ پاش ڕاکردنه‌که‌ی و گه‌یشتنی به‌ شاری سنه،‌ هاتنه‌ پێشوازی.
فرۆشتنی ئەندامانی لەش بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان له‌ ئێران
هەژاری و بێکاری لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێت و بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتییان بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان پەنا بۆ فرۆشی ئەندامانی لەشیان دەبەن. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، فرۆشتنی گورچیلە، جگەر، منداڵدان، گیانەمەژگ (مغز استخوان) ئەو تەبلیغاتانەن کە لە سەر ماڵپەڕەکان و لە شوێنە گشتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرین بەرچاو دەکەون و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەو دیاردەیە بەهۆی هەژارییەوە گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی. پێشتر حەسەن مووسەوی بەرپرسی ئەنجومەنی (یارمەتیدەرانی کۆمەڵایەتیی ئێران) سەبارەت بە هۆکاری فرۆشتنی ئەندامانی لەش بە (تهران امروز)ی راگەیاندبوو: " ئەگەر هەژاری و کێشە ماڵی لە گۆڕێدا نەبێت، هیچ کەسێک ئامادە نییە گورچیلە و ئەندامانی لەشی خۆی هەڕاج بکات". مسته‌فا قاسمی به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی خێرخوازی رایگه‌یاند، لە وڵاتانی ئورووپایی ئەگەر کەسێک بیهەوێ پەیوەندی گورچیلە ئەنجام بدات، دەبێ بۆ ماوەی ١٢ هەتا ١٧ ساڵ چاوەرێ بکات، کە ئەو پەیوەندەی بۆ ئەنجام بدرێت و زۆر کەس لەو ماوەیە تێپەڕ دەبێت و بەهۆی دیالیزی بەردەوام گیانی لەدەست ئەدات. لە رۆژانی رابردوودا ماڵپەڕی (دانا) راپۆرتێکی بڵاو کردبووەیەوە، کە تیایدا که‌سێک بەناوی ساعی تەمەن ٢٩ ساڵ رایگەیاندبوو، "لەبەر ئەوەیکە ساڵی داهاتووی خوێندن کچە تەمەن ٦ ساڵەکەم دەچیتە بەر خوێندن، و باری ئابووریم باش نییە، بە ناچاری گورچیلەکەم دەفرۆشم". جێگه‌ی باسه‌ که‌ خه‌ڵکی ئێران بەهۆی هەژارییەوە روویان لە فرۆشتنی گورچیلەکانیان کردووەو رۆژانە دەیان کەس بە بڵاو کردنەوەی نووسراوە و ژمارە تەلەفۆن لە شوێنە گشتییەکان خوازیاری فرۆشتنی ئەندامانی لەش و گورچیلەکانیانن.
خوێندکارێکی کورد لەبەر چاوی خەڵک ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا

خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری نەوسوود لەزانکۆی ئازادی کرماشان، لەرێگەی خۆ سووتاندنەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، نیوەڕۆی رۆژی ١١ی بانەمەر خوێندکارێکی کوردی بەناوی میلاد عەبدی کوڕی ئەبووبەکر، لە چوار رێیانی پۆمپی گازۆئیل لەکرماشان، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا. ئەو خوێندکارە تەمەن ٢١ ساڵەیە، لەو رووداوەدا لەسەدا ٩٥ی جەستەی تووشی سووتان هاتووە، کە کاتژمێر ١ی نیوەشەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی تایبەت بە سووتانی جەستەیی لە کرماشان، بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە. دەگوترێت، میلاد عەبدی بەر لەخۆسووتاندن لەگەڵ چەند کەسێک لەهاوڕێیان و بنەماڵەکەی بە تەلەفۆن پەیوەندی گرتووەو لەو مەبەستەی خۆی ئاگاداری کردوونەتەوە. میلاد عەبدی خوێندکاری تێرمی ٤ی رشتەی (عومران) لەزانکۆی (ئازاد) کرماشان بووە، کە هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو خوێندکارە کوردەی خەڵکی شاری نەوسوود بۆ بنەماڵە و نزیکانی روون نەبۆتەوە.
دوایین هەواڵەکان
photo
لاوانی خه‌بات

1 ساڵ و 6 مانگ و 20 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 17 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

1 ساڵ و 8 مانگ و 2 ڕۆژ و 2 کاتژمێر و 34 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
ڕاگەیندراوی ڕێکخراوی لاوانی خەبات

1 ساڵ و 8 مانگ و 14 ڕۆژ و 2 کاتژمێر و 8 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
ڕاگەیندراوی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی ڕۆژی زمانی زگماگی

1 ساڵ و 9 مانگ و 10 کاتژمێر و 12 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
لاوانی خه‌بات

1 ساڵ و 10 مانگ و 12 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 19 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo
لاوانی خه‌بات

2 ساڵ و 21 ڕۆژ و 4 کاتژمێر و 44 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌
photo


2 ساڵ و 1 مانگ و 4 ڕۆژ و 5 کاتژمێر و 7 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر